روحانی: ئەمەریکا تەنیا ماوەتەوە

"هەرگیز خۆی وا نەبینیووە"

K24 – هه‌ولێر

حەسەن روحانی، سەرۆککۆماری ئێران، پێی وایە، ئەمەریکا هەرگیز وەک ئێستا لە لایەن هاوپەیمانەکانی پشتگوێ نەخراوە و هۆکارەکەشی بۆ هەوڵی گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران لە لایەن ئەمەریکاوە دەگەڕێنێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، روحانی لە رێگای تەلەڤزیۆنی فەرمی دەوڵەتی ئێران، بەشێوەی راستەوخۆ باسی  لە سزاکانی سەر ئێران لە لایەن ئەمەریکاوە كرد و رایگەیاند: "ئێمە لە بارودۆخێکداین کە تیایدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریكا، هەرگیز وەك ئێستا خۆی بە وەلاخراوی نەبینیوە. رەفتارە نایاساییەکانی ئەمەریکا، وەک ئەوەی ئێمە بینیمان، ئەمریکای لەنێو هاوپەیمانەکانی تەنیا هێشتووەتەوە".

ئەمەریکا فشاری بۆ سەر هاوپەیمانەکانی زیادکردووە تاکو لە بازرگانیکردن لەگەڵ ئێران بکشێنەوە، مەبەست لەمەش لاوازکردنی باری ئابووری ئێرانە، بەڵام تاران لای خۆیەوە پەیوەندییەکانی بەکاردەهێنێت تاکو سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر وڵاتەکەی ئامانجی خۆیان نەپێکن.

H.J