لە رووداوێكی ھاتووچۆدا دوو كەس گیانیان لەدەستدا
K24 - دھۆك
مەسعود محەمەد، پەیامنێری كوردستان24 لە دھۆك رایگەیاند: "لە رووداوێكی ھاتووچۆدا لەسەر رێگەی سێمێل- دھۆك، دوو كەس گیانیان لەدەستدا، لە ئەوروپا بە سەردان گەڕابوونەوە كوردستان، چوار كەسی دیكەش برینداربوون".
ئازاد تەها، بەڕێوبەری راگەیاندنی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای دهۆك، بە کوردستان24ی گوت: "خێزانێك کە خەڵکی شاری سلێمانین و دانیشتووی ئەوروپان، بە مەبەستی سەردانیکردنی خزم و کەسوکاریان گەڕابوونەوە کوردستان، ئەمڕۆ لە نزیك شارۆچکەی سێمێل تووشی رووداوی ھاتووچۆ بوون، لە ئەنجامدا دوو كەسی ئەو خێزانە كە برا بوون گیانیان لەدەستدا و دوو ژن و دوو منداڵیش كە لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا بوون برینداربوون، برینی ژنەكان سەختە و لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی دھۆك، نەشتەرگەریان بۆ ئەنجامدراوە".
روونیكردەوە: "ئەو كەسەی شوفێری ئۆتۆمبێلەکە بووە، خەوی لێکەوتووە و ئۆتۆمبێلەکەی لە دەست دەرچووە و خۆی كێشاوە بە ستۆنی کارەبادا و دواتر ئۆتۆمبێلەكە وەگەڕاوە".
ئازاد تەها ، گوتیشی: "تەرمی ھەردوو براكە، لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆکە و پەیوەندیمان بە کەسوکارییان کردووە، بۆ ئەوەی بەھانایانەوە بێن".
ھ.م