"ئەوەی بەسەر یەکێتی ھات خراپتر بەسەر گۆڕاندا دێت"

په‌رله‌مانتارێكی گۆڕان: له‌ ساڵی 2016 نەوشیروان مستەفام لەم بارودۆخەی ئێستا ئاگادارکراوه‌ته‌وه‌
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

بزوتنەوەی گۆڕان ئێستا بە کاتە سەختەکانیدا تێپەڕدەبێت، ئەمەش بە دووھۆکار، لەلایەک دەنگەکانی گۆڕان لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق دابەزینی بە خۆوە بینی، لە لایەکی دیکەشەوە کێشە ناوخۆییەکانی ئەو بزوتنەوەیە بۆ جارێکی دیکە سەریان ھەڵداوەتەوە، ئەندامێکی جڤاتی گشتیش دەڵێت ڕاستە کێشەمان ھەیە، بەڵام کێشەکانی گۆڕان ھێندە گەورە نین بەلکو لێمان گەورە کراوە.

ڕەنگە دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ھیچ کاتێک ھێندەی ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان بە بارودۆخێکی ئاڵۆزی ناوخۆیدا تێپەڕنەبووبێت، ھەرچەندە دوایی کۆچی دوايی يێکخەری پێشوو, باس لەوە دەکرا کە ناھێڵدرێت گۆڕان تووشی ئاستەنگ بێت، بەڵام تاڕادەیەک نەتوانرا ئەو بەڵێنە جێبەجێبکرێت، ئێستا ئەو بزووتنەوەیە چەند ھەڵسووڕاێکی دیاری لێ زویر بووە و ڕەخنەیان  لە شێوازی کار و بەڕێوەبردنی کارگێڕی و دارایی و ڕاگەیاندنی بزوتنەوەکە ھەیە.

ئەندامێکی جڤاتی گشتیش دەڵێت دوایين بەیاننامەی چڤاتی نیشتیمانی دەرخەری ئەوەیە کە راستە کێشەمان ھەیە، بەڵام دەڵێت کێشەکانی گۆڕان ھێندە گەورە نین بەڵام لێمان گەورە کراوە.

ئەندام پەرلەمانێكی گۆڕان دەڵێت ساڵی 2016 لە رێگەی دەرکردنی کتێبێکەوە بە ناوی "بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بەرەو کوێ؟"، نەوشیروان مستەفای لەم بارودۆخەی ئێستا ئاگادارکردووه‌تەوە کە ئەم کێشانە لە سەردەمی ئەویشدا ھەبوون کە ئەگەر بێت و چارەسەرێکی بۆ نەدۆزێتەوە، ئەوەی بەسەر یەکێتی ھات خراپتر بەسەر گۆڕاندا دێت.

به‌ گوێره‌ی زانیاریيەکانی کوردستان 24، کێشەکان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کۆمەڵێک کە خۆیان ناوناوە نەوەی نوێی گۆڕان لەگەڵ کۆمەڵێک سەرکردەی پێشوی یەکێتی و ئێستای گۆڕان ناکۆکیيان ھەیە، ھەر بۆیە ئێستا قادری حاجی عەلی، عوسمانی حاجی مەحمود، شۆڕش حاجی و عەبدوڵای کوێخا موبارەک، لە ڕیزی ناڕازيیەکانن و چەند ھەوڵێکیش لەلایەن ڕێکخەری گشتی و چەند کەسایەتیەکەوە ھەبووە بۆ گەڕانەوەیان بەڵام رەتیان کردووه‌تەوە.

ا. م