یەپەگە بە تەواوی لە شاری منبج کشایەوە

"بۆ هەڵنەگیرسانی جەنگ بووە لەگەڵ سوپای تورکیا"

K24 – هه‌ولێر:

دوێنێ یەکشەممە (15/07/2018)، دواین یەکەی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە شاری مەنبج کشاونەتەوە، مەبەستیش لێی هەڵنەگیرسانی جەنگ بووە لە نێوان ئەو هێزە کوردییە و سوپای تورکیا.

رۆژنامەی حوریەتی تورکی، لەزاری ئەندامێکی عەرەبی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج، ئاشکرایکردووە: "دواین گروپی راوێژکاری سەربازی یەپەگە لە 15/07/2018 کشاونەتەوە، ئەمەش لەژێر رۆشنایی رێککەوتنی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی و تەواوکردنی کارەکانی ئەو راوێژکارانە بووە لە منبج".

ئەو رۆژنامەیە ئاشکراشیکردووە، یەپەگە بۆ هەڵنەگیرسانی جەنگ لەگەڵ سوپای تورکیا و هاوپەیمانەکانی لە شاری منبج کشاوەتەوە.

لە حوزەیرانی رابردوو و لە دوای رێککەوتنی تورکیا و ئەمەریکا لەسەر نەخشە رێگای شاری منبج، یەپەگە رایگەیاند ،ئەوان راوێژکارەکانیان لەو شارە دەکشێننەوە.

تورکیا یەپەگە بە باڵێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەزانێت و لە هەردوو وڵاتانی سووریا وعێراق لە هەوڵەکانی بەردەوامە تاکو پێگەی هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە لاوازبکات.

ئەمەریکا لە سووریا روویکردە تورکیا و پشتی لە بەشێک لە هێزە کوردییەکان کرد، ئەمەش وایکرد ئەو هێزە کوردییانە رووبکەنە رژێمەکەی بەشار ئەسەد و هەوڵی رێککەوتن لەگەڵ سەرۆکی سووریا بدەن.

به‌ڵام وەزارەتی دەرەوەی توركیا سەبارەت بە كشانەوەی یەپەگە لە منبج رایگەیاند، كە ئەو ھەواڵانەی باس لە كشانەوەی یەپەگە لە منبج دەكەن، دوورن لە راستی و زەقدەكرێنەوە، پرۆسەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی منبج بەردەوامە، یەپەگە لەو شوێنانەی توركیا بە زریپۆشەكانی چاودێری سەربازی دەكات، دەكشێتەوە، بەڵام ئەو ھەواڵانەی باس لەوە دەكەن یەپەگە بە تەواوی لە منبج كشابێتەوە، دوورن لە راستییەوە.

H.J