له هه‌ولێر ده‌ست به‌سه‌ر دەیان ئۆتۆمبێلی بێ ژمارە و سه‌دان چه‌كدا گیراوه
K24 - هه‌ولێر:
دوای ئەوەی له شاری هه‌ولێر هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباران و ده‌سته‌به‌سه‌رداگرتنی چه‌ك و ئامێره قه‌ده‌خه‌كراوه‌كان دەستیپێکرد، تاکوو ئێستاش ئەو هەڵمەتە بەردەوامی هەیە و به‌و هۆیەوە سه‌دان تۆمه‌تبار ده‌ستگیركراون و ده‌ستبه‌سه‌ر بڕێكی زۆر چه‌ك و ئۆتۆمبێلی بێ ژماره‌دا گیراوه، ئه‌مه‌ش وایكردووه له ماوه‌ی نزیكه‌ی یه‌ك مانگی رابردوودا هیچ حاڵه‌تێكی تاوان و كوشتن به‌چه‌ك روونه‌دات.
هاوکات لیوا بەختیار بابان، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێم، بە کوردستان٢٤ـی رایگەیاند: "ئەو هەڵمەتەی دەستپێکراوە لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامی دەبێت و ئەو کارەش تا رادەیەکی زۆر رێژەی تاوانی کەم کردووەتەوە".
گوتیشی: "لەو رۆژەوەی ئەو هەڵمەتە دەستپێکراوە، چاو پۆشی لە هیچ کەس نەکراوە، بێ جیاوازی سەرجەم سەرپێچیکاران دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە، بەپێی جۆری تاوانەکانیان رەوانەی دادگا کراون".
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد: "یاسای پێدانی چەك دیاریکردووە ئەوانەی چەك هەڵدەگرن و ئەوانەی مۆڵەتیان پێدەدرێت کێن، هەر کەسێكیش چەکی بێ مۆڵەتی پێ بێت، بەلای کەمەوە لە ٧ ساڵ کەمتر سزا نادرێت و لیژنەیەك پێکهێنراوە بۆ ئەوەی بزانرێت هەر هاووڵاتییەك تا چ رادەیەك پێویستی بەوە هەیە مۆڵەتی چەکی دەمانچەی پێ بدرێت".
لەماوەی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان چەندین حاڵەتی تاوان و کوشتن بەهۆی چەکی بێ مۆڵەت ئەنجامدراون و دەزگا ئەمنییەکانیش لە هەوڵدان بۆ بنبڕکردنی ئەو تاوان و حاڵەتە نەخوازراوانە.