مودریچ لە گاوانی و شوانییەوە بۆ سەر شانۆی باشترینی مۆندیال

ئه‌و زانیارییه‌ شاراوانه‌ی كه‌ تا ئێستا دەربارەی ئەو ئەستێرەیە نەزانراوە

لوكا مۆدریچ خاوه‌نی خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی مۆندیالی 2018ـی رووسیا، تەمەنی منداڵی بە شوانی و گاوانییەوە تێپەڕ کردووە و لە خێزانێکی ئاوارە و کۆچڕەو لە نێو شەڕ و کاولکاری نێوان بۆسنە و سڕبیا ڕایان کرد و بەرەو وڵاتی کرواتیا ھاتن، باوکی لە کارگەی چاکردنەوەی ئۆتۆمبێل لە ئۆردوگا سەربازیەکانی کرواتیا کاری چاکردنەوەی ئۆتۆمبێلە شکاوەکانی دەکرد، دایکیشی لە کارگەی رستن و چنین بژێوی ژیانی خۆیانی پەیدا دەکرد.

مۆدریچ لە مناڵیەوە تا ئێستا بە قۆناخی زۆر سەختدا تێپەڕیوە، پێگەی "لایڤ بۆگێر"ـی بریتانیا زۆر زانیاری ورد و گرنگی لەسەر ئەو یاریزانە خستۆتەڕوو کە تا ئێستا دەربارەی ئەو ئەستێرەیە نەزانراوە، بە تایبەت پیشەی منداڵی و سەختی ژیانی و پیشەکانی دایکی و باوکی، کە ئەستمە ھەر کەسێک بەم شێوەیە ژیابێ بگاتە ئەم شوێنە، تەنانەت باوەرکردن بەم سەرکەوتنانەی زەحمەتە.

لە دایک بوون و گەشەکردنی

لۆکا، لە 9 ئەیلولی 1985 لە شاری زادار لە وڵاتی کرواتیا، لە دایک بووە, لە خێزانێکی ئاوارە و پەناھەندە کە بەھۆی شەڕی بۆسنە و سڕبیەکان پەنایان بۆ وڵاتی کرواتیا بردبووە، دەزگاکانی راگەیاندنی کرواتیا ئەوەیان ئاشکرا کرد، کە لۆکا لە منداڵیدا شوانکارە بووە، بە شێوەیەک لە ناوچەیەکی شاخاوی ئەم پیشەیەی کردووە, کە ناوچەکە پر بووە لە گورگ و بە ناوچەیەکی گورگاوی ناسراوە.

له‌ سه‌رده‌می منداڵیدا (یوسێب بالیۆ) سەرۆکی یانەی زادار ده‌ڵێت: راستە جەستەی لوكا له‌ منداڵی زۆر لاواز و گەشەی سست بوو، بەڵام هه‌موومان دركمان به‌وه‌ كرد كه‌ شتێکی جیاواز لە قاچەکانی ئەو منداڵە ده‌بینرێت، دوتتر لۆکا وردە وردە سەرەنجی ئێمه‌ی بۆ لای خۆیدا راکێشا، تا کار گەیشتە ئەوەی بانگێشتی تیمەکانی تازەپێگەیشتووان بکرێت.

پەیوەندی کردن بە یانەیەک و دواتر دەرکردنی

لۆکا، بەمەبەستی ھەڵسەنگاندن پەیوەندی بە یانەی (ھایدۆک سبلێت)ـی کرواتی کرد، بەڵام لە بێ به‌ختی خۆی رەتکرایەوە بە بیانووی ئەوەی جەستەی لاوازە و پەسەند نییە، دواتر کورە شوانەکە بە ردەوام بوو، کۆڵی نەدا تا ئەو رۆژەی خەڵک بە (سه‌ركرده‌ی بچووک) ناویان دەبرد، تا دەھات باوەڕی زیاتری پەیدا دەکرد، ئینجا (دێنامۆ زەگرب)ـی کرواتی گرێبەستێکی بۆ ماوەی 10 ساڵ لەگەڵ مۆدریچ واژووکرد، دواتر بە شێوەی خواستن بە یانەی (زرێنسکی مۆستا)ـی کرواتی فرۆشت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی زیاتر وه‌ربگرێت، دواتر جارێکیتر بە شێوەی خواستن درایە یانەی (ئینته‌ر  زابڕێسکی بۆسنی).

پاشان لە (2005) گەڕایەوە دێنامۆ زەگرب توانی 3 ناسناو بباتەوە، لە 2007خەڵاتی باشترین یاریزانی لە خولی کرواتیا پێبەخشرا، لە (2008) پەیوەندی بە تۆتێنھامی ئینگلیزییه‌وه‌ کرد، دوای (5) ساڵ یانە لەندەنیەکەی گەیاندەوە چامپیۆنزلیگ، پاشان له‌ هاوینی 2012 بە بڕی 33 ملیۆن یۆرۆ روویکردە ریال مەدریدی ئیسپانیا.

ژیانی خێزانی و دۆزینەوەی خۆشەویستەکەی

خێزانی لۆکا، قوربانی شەڕی بۆسنە بوون، لە ترسی لێدانی سڕبیەکان بەناچاری کۆچ دەکەن بۆ کرواتیا، بەھۆی نەبوونی شوێنی حەوانەوە و خانوو و جلوبەرگ و خۆراکی پێویست، لە ئاستێكی خراپی ھەژاریدا دەژیان، بەڵام دوای ماوەیەک بارودۆخەکە گۆڕا، بەھۆی کارکردنی باوکی لە کارگەی چاکردنەوی ئۆتۆمبێلی سوپای کرواتیا، نیشتەجێبوون لە شاری زاداری کرواتیا، بەھۆی کاری باوکی ئاستی بژێوی ژیانیان لە ھەژاریەوە بۆ ژیانێکی ناوەند گۆڕا.

چیرۆکی لۆکاو خۆشەوەیستەکەی کە (فاگا بۆسنیک)ـە، لە (2006) دەستیپێکرد، کاتێک لە بۆنەیەکدا چاوی پێدەکەوێ، یەکسەر بە بریکارەکەی دەڵیت: ئەو ئافرەتە خەونی منە، فانگا بووە پالپشتیەکی باش بۆ لۆکا، لە (2010) پرۆسەی ھاوسەرگیریان ئەنجامدا، ئێستاش خاوەنی دوو کچن بەناوەکانی (ئیما و سۆفیا)، بەردەوام لۆکا بە ھێمنی قسە دەکات، بە تایبەت دەربارەی خێزانەکەی، کە پێیوایە تۆپی پێ و خێزانەکەی گرنگترین شتن لە ژیانی ئەو دا.

ھەوادرێکی سەرسەختی رۆنالدۆی بڕازیلی بووە

لۆکا لە سەرتادا سەرسام بووە بە (رۆناڵدۆ لویس نازاریۆ دا لیما)، له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: لە منداڵیەوە ھەوادری رۆنالدۆ بوومه‌، ته‌نانه‌ت له‌ كاتی یاریكردنم بۆ یانە بۆسنەیەکە لە بەستەرەکانی قاچم بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر وێنەی رۆناڵدۆی لەسەر بووە، کە کۆمپانیای نایک درووستی کردبوو زۆرم خۆشدەویست، لەوماوەیە بەکارم ھێنا تا بە شێوەی پیشەگەر لە بۆسنە یارییم کرد.

لۆكا له‌ مه‌درید زیاتر دره‌وشایه‌وه‌

 لۆکا توانی لەگەڵ ریال مەدرید، 3 ناسناوی چامپیۆنزلیگی بباتەوە لە مۆندیالی 2018ی رووسیاشدا پلەی دووەمی بەدەستھێنا و، بە باشترین یاریزانی مۆندیال دیاری کردا، پێشتریش لەگەڵ مێرێنگێ دوای بردنەوەیان لە یۆڤێنتۆس لە یاریی کۆتای چامپیۆنزلیگ, بە باشترین یاریزانی ھێڵی ناوەڕاستی پاڵەوانەتیەکە دەستنیشانکرا، لەم مۆندیالەشدا ئاستێکی نایابی نیشانی جیھاندا، توانی 2 گۆڵ لە ئارجێنتین و نێجیریا بکات.

 لۆکا لە مێژوودا بەم شێوە باس دەکرێت، باشترین یاریزانی ھێڵی ناوەراست و بچووک لە جەستە، توانای داھێنانی له‌ نێو یاریگه‌ هه‌یه‌ و بە ئاسانی ڕێرەوەی یارییەکە دەگۆرێت بۆ بەرژەوەندی خۆیان، یاریکردن بە ھەردوو قاچ، وردبین و خێرا لە ھێرشبردندا، لە کۆتایشدا درووستکردنی گۆڵ بە لێھاتووی.

ئامادەکردنی: بارزان ئەکرەم

لوكا مودریچ كاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی كرواتیا له‌ كاتی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی مۆندیالی 2018
لوكا مودریچ كاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی كرواتیا له‌ كاتی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی مۆندیالی 2018