ترەمپ داوەتی پوتین دەکات

"راوێژکارێکی بۆ ئەو مەبەستە راسپاردووە"

K24 - هه‌ولێر:

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی روسیا، داوەت دەکات بۆ واشنتن، ئەمەش سەرەڕای رەخنەی زۆری ئەمەریکییەکان لە دیداری پێشووی ترەمپ لەگەڵ سەرۆکی رووسیا.

وتەبێژی کۆشکی سپی، سارا ساندێرز، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ترەمپ داوای لە جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا، کردووە، داوەتنامەیەکی فەرمی پێشکەش بە پوتین بکات تاکو ئەم جارە کۆشکی سپی هەردوو سەرۆک کۆبکاتەوە.

تەنها چوار رۆژ بەسەر دیداری پوتین و ترەمپ لە وڵاتی فینلەند تێدەپەرێت، دیدارێک کە نارەزایی زۆری لێکەوتەوە، بەشێک لە ئەمەریکییەکان نیگەرانن لەوەی ترەمپ بە چەند لێدوانێکی خۆی و ئەمەریکای بەرامبەر بە رووسیا بچووک کردۆتەوە.

بەڵام دوای تەواوبوونی دیداری هەردوو سەرۆک لە فینلاند، لای خۆیانەوە کرێملین و کۆشکی سپی، کۆبوونەوەکەیان بە "سەرکەوتوو و ئەرێنی" ناوبرد.

H.J