بڵێسه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی به‌سره دانامركێته‌وه
K24 - بەسرە
له به‌سره خۆپیشاندانه‌كان تا دێت فراوانتر ده‌بن و هێزه ئه‌منییه‌كانیش پشتێنه‌یه‌كی ئه‌منیان بۆ چوار ده‌وری باڵه‌خانه حكوومییەكان دروستكردووە و هاوكات خۆپیشانده‌ران كه بۆ كوردستان24 دەدوێن ئاماژە بەوە دەكەن، به‌رپرسانی عێراق له ماوه‌ی 15 ساڵی رابردوو ته‌نیا درۆیان له‌گه‌ڵ كردوون و فه‌رمانده‌ی هێزی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێراش رایده‌گه‌یه‌نێت، پێویسته خۆپیشانده‌ران مۆڵه‌تی فه‌رمی وه‌ربگرن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن بیانپارێزن.
خۆپیشاندەرانی بەسرە داوا لە ھێزە ئەمنییەكان دەكەن رووبەڕوویان نەبنەوە و ئەوان دژی ھێزە ئەمنییەكان نین، بەڵكو دژی بەرپرسە گەندەڵەكان خۆپێشاندان دەكەن. خۆپێشاندەرێك لە بەسرە بۆ كوردستان24 دواو گوتی: "به هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌ڵێم به‌ره‌نگاری ئێمه مه‌بنه‌وه، ئێمه برای ئێوه‌ین، به‌رپرسانی عێراق گه‌نده‌ڵن".
حكوومەتی عێراق ناچاركراوە بە وەرگرتنی 10 ھەزار مامەڵەی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان كە دایان بمەزرێننێت، بەڵام خەڵكی بەسرە باوەڕ بەو بەڵێنە ناكەن و بە فێڵی دەزانن بۆ وەستاندنی خۆپێشاندانەكان.
ھاووڵاتییەكی دیكە لەناو خۆپیشاندانەكان دەڵێت: "ئێمه داوای جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانمان ده‌كه‌ین، ته‌نیا به‌ڵێنمان ناوێت، به 10 هه‌زار پله‌ی وه‌زیفی رازی نابین، و 15 ساڵه درۆمان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن".
لیوا سامر ئه‌لحوسه‌ینی، فه‌رمانده‌ی هێزی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا ئەوە دەخاتەڕوو: "مافی هاووڵاتییانی به‌سڕه‌یه خۆپیشاندان بكه‌ن بۆ داواكاریه ره‌واكانیان، به‌ڵام هه‌ندێ له گێڕهشێوێنهكان ویستیان سوود له خۆپیشاندانه‌كان وه‌ربگرن، بۆ ئه‌وه‌ی ئاڵۆزی له‌نێو خۆپیشانده‌ران دروست بكه‌ن، و ژماره‌یه‌كیان لێ ده‌ستگیركراون و ره‌وانه‌ی دادگا كراون، پێویسته خۆپیشانده‌ران مۆڵه‌تی فه‌رمی وه‌ربگرن، بۆ ئه‌وه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان، بتوانن بیانپارێزن".
ھ.م