خۆپیشاندان له بهسره دهستیپێكردهوه
K24 - بهسره:
ئێستا ئاستی داواكاری خۆپیشاندەرانی بەغدا و باشووری عێراق بەرزتربووەتەوە، ئەوان چیتر تەنیا بە دابینكردنی ئاو و كارەبا و خزمەتگوزارییەكان رازی نین، بەڵكو داوای چاكسازی لە حكوومەت و پەرلەمانیش دەكەن.
بەشێك لە ھاووڵاتیانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، حكومەت و پەرلەمان لە دابینكردنی سادەترین خزمەتگوزاری بۆ خەڵكی عێراق شكستییان ھێناوە.
یهكێك له خۆپیشاندهرانی بهسرهش دهڵێت: "حكوومەت بەكاری خۆی ھەڵناستێت و پەرلەمانیش شكستیھێناوە، خەڵك داوای حكوومەتێكی سەرۆكایەتی دەكات، سەرۆكێك ھەموو دەسەڵاتێكی ھەبێت، چونكە ھەموو خەڵك لە ئازاردایە ".
خەڵكی عێراق بۆی روونبووەتەوە، كە حكوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەران چەندین ملیار دۆلاریان بەھەدەر داوە و شكستیانھێناوە، لە ھێنانەدی خۆشگوزەرانی بۆ ھاووڵاتیان، تەنانەت نەیانتوانیوە سادەترینی خزمەتگوزارییەكانیشییان بۆ دابین بكەن.
خۆپیشاندەرێكی دیكهش دهڵێت: "من چل ساڵ خزمەتی دەوڵەتم كرد، ئەوەی پەرلەمانتارێك دەستیكەوت من بەچل دەستم نەكەوت، بۆ؟ چونكە جیاوازی لەنێوان گەل و بەرپرسان ھەیە، چەندین ملیار دۆلار دزرا كەس لێپێچینەوەی لەگەڵ نەكرا"
بەگوێرەی ئاماری كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق، لە خۆپیشاندان لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و 15 كەس كوژراون و نزیکەی 630 کەس بوونەتە قوربانی و بەدەیان خۆپیشاندەریش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.
ا. م