ئەردۆغان و ناتەنیاهۆ هێرشی تووند دەکەنە سەریەکدی
K24 - ههولێر:
دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دەوڵەتی ئیسرائیلی بە "فاشیسترین" دەوڵەتی جیهان ناوبرد، بێنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، وەڵامی دایەوە.
لە لێدوانێکیدا بۆ پەرلەمانی تورکیا، ئەردۆغان هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و بە وڵاتێکی بێ یاسا و سەرکوتکەری ناوبرد، گوتیشی: "رۆحی ئەدۆڵف هیلتەر دەرکەوتۆتەوە لەناو هەندێک سەرکردەی ئیسرائیل، جیهان بەرەو کارەساتی گەورە دەبات.. ئیسرائیل یەکەم دەوڵەتی زایۆنیست، فاشیست و رەگەزپەرستی جیهانە".
لای خۆیەوە ناتەنیاهۆ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، وەڵامی ئەردۆغانی دایەوە و نووسیویەتی: "مامەڵەی ئەردۆغان لەگەڵ کورد و سوورییەکان، لەگەڵ هەزارەها زیندانی وڵاتەکەی. راستی حاشا هەڵنەگرن کە ئەردۆغان دژی یاسا نەتەوەییەکانی وڵاتەکەیەتی...تورکیا لە ژێر رکێفی دیکتاتۆرێکی رەشدایە، لە کاتێکدا ئیسرائیل مافی یەکسان دەبەخشێتە هەموو هاوڵاتیانی".
پەیوەندی ئیسرائیل و تورکیا لەسەر گرژییەکانی شاری غەزە و گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس، تەواو ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینیوە. لە رابردووشدا چەندین جار ئەو دوو سەرکردەیە هێرشیان کردۆتە سەریەك.
H.J