ئاماده‌كاریی حزبه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ده‌ستیپێكردووه‌

گوته‌بێژی یه‌كێتی: داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردنمان نه‌كردووه‌

K24 - هه‌ولێر:

ھەرێمی کوردستان ڕۆژ دوای ڕۆژ لە ھەڵبژاردنێکی نوێ نزیکدەبێتەوە کە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، بۆیە حزبە سیاسییەکان ھەر لەئێستاوە كه‌وتوونه‌ته‌ خۆئامادەكردن، یەکێتیش ره‌تیده‌كاته‌وه‌ داوای دواخستنی ھەڵبژاردنیان كردبێت و هاوپه‌یمانی دیموكراسیش هه‌وڵده‌ده‌ن له‌م هه‌ڵبژاردن قه‌باره‌ی خۆیان بۆ ده‌ركه‌وێت.

ئەمساڵ بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان بە ساڵی ھەڵبژاردنەکان ناودەبرێت، چەند مانگێک پێش ئێستا ھاوڵاتیان بەرەو سندوقەکانی دەنگدان چون بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، واش بڕیارە چەند مانگێکی دیکە جارێکی دیکە سندوقەکانی دەنگدان و ھاوڵاتیان بە یەکبگەنەوە، بەڵام ئەمجارە بۆ پەرلەمانی کوردستانه‌، حزبەکانیش خۆیان بۆ پڕۆسەکە ئامادەکردوە، وتەبێژی یەکێتی دەڵێت: داوای دواخستنی پڕۆسەکەمان نەکردووە.

ھاوپەیمانیش وەک ھێزێکی نوێ دەڵێت تائێستا قەبارەی خۆیان نازانن، چونکە ھەڵبژاردنی ڕابردوو به‌ ھەڵبژاردنێکی پاک نازانن بۆ زانینی سه‌نگ و ده‌نگی خۆیان، ئەو لایەنە بۆچوونی وایە دەبێت ھەڵبژاردن لەکاتی دیاریكراوی خۆیدا بکرێت، ئەگەر ھەر لایەنێک ئامادە بێت یاخود نا.

وابڕیارە بەرواری 30/9 ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و پێشبینی دەکرێت، کێبڕکێیەکی توند لە نێوان ھێزە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستانەوە ببێته‌ ئاراوه‌ بۆ بەدەستھێنانی زۆرترین کورسی پەرلەمان. بەڵام لە کۆتایدا ده‌نگی ھاوڵاتیان پێگه‌ و سه‌نگی لایه‌نه‌كان له‌ ناو په‌رله‌مانی داهاتوو دیاری ده‌كه‌ن.