داعش بەرپرسیارەتی خۆی لە هێرشەکەی کەنەدا راگەیاند

" تۆڵەی هێرشەکانی کەنەدایە لە سووریا و عێراق"

K24 - هه‌ولێر:

رێکخراوی داعش بەرپرسیارەتی خۆی لە هێرشەکەی شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا راگەیاند کە بووە هۆی کوژرانی دوو کەس  و برینداربوونی 13ی دیکە.

رۆژی یەکشەممە، چەکدارێک بەناوی فەیسەڵ حوسەین، لە شاری تۆرۆنتۆ، هێرشیکردە سەر چەند هاوڵاتییەک و تەقەی لێکردن، ئەنجام دوو کچی 18 و 10 ساڵی کوشت و 13 دیکەشی بریندارکرد.

سایتی ئەعماقی سەر بە داعش، ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە: "یەکێک لە سەربازانی دەوڵەتی ئیسلامی هێرشەکەی ئەنجامداوە و ئامانجیش هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەیە کە لە ساڵی 2014 ەوە جەنگ دژی دەوڵەتی ئیسلامی دەکات لە سووریا و عێراق".

بڵاوکراوەکەی ئەو رێکخراوە لە کاتێکدایە، پێشتر لە چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی سی بی سی، خێزانی هێرشکەرەکە گوتووبویان کە " فەیسەڵ نەخۆشی دەروونی هەبووە".

H.J