ترەمپ مانگی داهاتوو هێرشدەکاتە سەر ئێران

"پێگە ئەتۆمییەکان دەکاتە ئامانج"

K24 – هه‌ولێر:

چەند سەرچاوەیەکی دەزگای هەواڵگیری ئوسترالیا نزیکبوونەوەی جەنگی ئەمەریکا و ئێران ئاشکرا دەکەن، بە جۆرێک رەنگە مانگی داهاتوو ئەو جەنگە دەستپێبکات.

دەزگای میدیای ئوستراڵی، ئەی بی سی، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی ئوسترالی ئاشکرای کردووە: "دۆناڵد ترمپ ئامادەییە هێرشبکاتە سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران و رەنگە ئەو هێرشانە مانگی داهاتوو رووبدەن".

هەر بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی ئەی بی سی: "ترەمپ بنکەی سەربازی پاین گاپ (بنکەیەکی هاوبەشی ئەمەریکا و ئوستورالیایە و دەکەوێتە باکووری ئوستورالیا)، بەکار دەهێنێت بۆ دیاریکردنی ئامانجەکانی لەناو خاکی ئێراندا".

سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە، مالکۆلم تورنبول، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا، رایگەیاندووە: "ئەوهەواڵە تەنها خەمڵاندنە".

لە چەند رۆژی رابردوودا، بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا و ئێران چەندین هەرەشەی جیاوازیان لە یەکدی کردووە، ئەو هەڕەشانەش هاوکاتن لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە.

‌H.J