ترەمپ بۆ ئازادکردنی قەشە ئەمەریکییەکە "تیرۆرستێک" ئازاد دەکات

"داوای لە ئیسرائیل کردووە تۆمتبارێکی تورک ئازادبکات"

K24 - هه‌ولێر:

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، داوای لە بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کردووە، ژنێکی تورکی ئەندامی رێکخراوی حەماس رادەستی تورکیا بکاتەوە تاکو ئەنقەرە ئەو قەشە ئەمەریکییە ئازاد بکات کە بەتۆمەتی تیرۆر ماوەی 18 مانگە لە تورکیا زیندانی کراوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی واشنتن پۆست، ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، داوای لە ناتانیاهۆ کردووە، ئیبرۆ ئۆزکانی تەمەن 27  ساڵ کە بەتۆمەتی تیرۆر لە ئیسرائیل زیندانیکراوە، ئازاد بکات. بەرپرسانی ئیسرائیلیش دوای ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە، ئەو هاووڵاتییە تورکەیان ئازادکردووە و بۆ وڵاتەکەیان گەڕاندۆتەوە.

واشنتن پۆست ئاشکرای کردووە، لە 11ی مانگی تەمموز، کاتێک ترەمپ و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، کۆبوونەتەوە، لەسەر ئەو پرسە رێککەوتون. ئەمەش وایکرد لە 18ی تەممووز، قەشە ئەندریو برونسۆن کە بەتۆمەتی تێوەگلانی لە کودەتاکەی ساڵی 2016ی تورکیا و یارمەتی پارتی کرێکارانی کوردستان زیندانیکراوە، لە ماڵەکەی خۆیدا لە تورکیا زیندانی بکرێت لە بری ناوەندەکانی زیندان.

زیندانیکردنی ئەو قەشەیە بۆتە خاڵی ناکۆکی نێوان واشنتن و ئەنقەرە، لە دواین لێدوانیدا، دوێنێ پێنجشەممە، سەرۆکی ئەمەریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: "ئەمەریکا سزای گەورە بەسەر تورکیا دەسەپێنێت بۆ دەستبەسەرکردنی قەشە ئەندریو برونسۆن. ئەو کریستیانێکی گەورە و مرۆڤێکی جوانە. ئێستا زۆر ئازار دەچێژێت. ئەم کەسە بێتاوانەی بڕواداران دەبێت بە زوترین کات ئازادبکرێت".

 H.J