خێزانێك لەنێو زبڵخانە دەژین

"رۆژانە زبڵ و خاشاك كۆدەكەینەوە"
kurdistan24.net

K24 - بەسرە

ھەژاری و بێكاری وای لە خێزانێك كردووە، لە نزیك كێڵگە نەوتییەكان، لەنێو زبڵخانە ژیان بەسەر ببەن، كاری رۆژانەشیان كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاكە، بەھۆی پیسی شوێنەكەش منداڵەكانیان تووشی نەخۆشی بوونە.

تیمی کوردستان24 لە شاری بەسرە ژیانی خێزانێکی دوورە دەست لە نێو زبڵخانەیەکی ئەو شارە و لە نزیك کێڵگە نەوتییەکان دەخاتەڕوو، دایکی سامی پێنج مناڵی هەیە و مێردەکەی کۆچیکردووە دەڵێت، حکوومەت هیچ ئاوڕێکمان لێناداتەوە و ئاو و کارەباشیان پێ نەگەشتووە.

دایكی سامی لەگەڵ منداڵەكانی بە جۆرێك دەژین، ئاژەڵەكانیش ئارەزووی ئەو ژیانە ناكەن، منداڵەكانی تووشی چەندین نەخۆشی بوونە و بە ناچاریش ژیانیان لەسەر كۆكردنەوەی كۆكردنەوەی زبڵە لەو زبڵخانەیە. ئەو دەڵێ: "بۆ كوێ بچین؟ ئەوە ژیانی ئێمەیە لەسەر ئەو پارچە زەوییە، رۆژانە زبڵ و خاشاك كۆدەكەینەوە، رۆژی وا ھەیە تەنیا 10 ھەزار دینارمان دەست دەكەوێت بۆ بژێوی ژیانمان، بە بەتانی پەنا و سێبەرمان بۆخۆمان دروستكردووە، لەو زبڵ و خاشاكەی فڕێدەدرێت، ھەندێ شتمان كۆكردووەتەوە تا دوو ژوورمان پێدروست كردووە، ئەویش ژووری بەتاڵ".

كۆمپانیا نەوتییەكانی چواردەوری ماڵی دایكی سامی لە بەسرە، ھەناردەی نەوتیان زیاتر لە 3 ملیۆن و 500 ھەزار بەرمیلە لە رۆژێكدا، كەچی ئەو خانەوادەیە دەڵێن، حكوومەتی عێراق تائێستا ئاوڕی لێ نەداونەتەوە، تەنانەت ئاو و كارەباشیان پێنەگەیشتووە.

ھ.م