ھەرێمی كوردستان داوای فراوانكردنی گفتوگۆكانی لایەنەكانی عێراق دەكات

ھەرێمی كوردستان ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو لایەنانە بكات كە ھەوڵی پێكھێنانی حكوومەت دەدەن

K24 - ھەولێر

ھەرێمی كوردستان ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو لایەنانە بكات كە ھەوڵی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق دەدەن و داواش دەكات گفتوگۆكان فراوانتر بكرێن.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و برێت مه‌كگۆرك، نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا بۆ هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعش، كۆبوونەوە. لەو كۆبوونەوەیەدا سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان داوای فراوانتركردنی گفتوگۆكانی نێوان لایەنەكانی كرد و ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانی بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ حكوومه‌تی نوێ پێكده‌هێنن، نیشان دا.

لە كۆبوونەوەكەدا پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت تاوتوێكران و پێویستیی گفتوگۆیه‌كی جددیتر له‌نێوان‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت، رۆڵی كاریگه‌ری هه‌رێمی كوردستان له‌مباره‌یه‌وه‌ و بوونی به‌هێزی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان له‌ به‌غدا، جه‌ختی له‌سه‌ر كرایه‌وه‌. گفتوگۆكانی ئێستای هه‌ولێر ـ به‌غداشیان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌رزنرخاند.

ھ.م