سەرۆكی چوار وڵات دۆخی ناوچەكە لە توركیا تاوتوێ دەكەن

"تورکیا، رووسیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا باس لە پرسی سووریا دەکەن"

K24- هه‌ولێر:

سەرۆکی ھەر یەك وڵاتانی تورکیا، رووسیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا لە 7ی ئەیلوول بۆ تاوتوێکردنی رەوشی سووریا و ناوچەکە لە ئیستانبوڵ کۆدەبنەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی ڤەتەنی تورکی، رایگەیاند: "لە 7ی ئەیلوول، ئێمە میوانداری دیداری تورکیا، رووسیا، ئەڵمانیا و فرەنسا لە ئیستانبوڵ دەکەین و باس لە کێشەکانی ناوچەکە دەکەین".

بڕیارە ئەو چوار وڵاتە پرسی سووریا و ناوچەکە تاوتوێبکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا، رایگەیاندبوو، پرسی سووریا بەبێ بەشداری کارای رووسیا، تورکیا، ئێران، ئەوروپا و چەند هێزێکی دیکەی ناوچەکە چارەسەر ناکرێت.

تورکیا بە داگیرکردنی شاری عەفرین لە سەرەتای ئەمساڵدا، یەکەم دەستێوەردانی راستەوخۆی لە سووریا کرد و هێزە کوردییەکانی لەو شارەی رۆژئاوای کوردستان وەدەرنا.

H.J