"سه‌ربازانی رووسیا" پاسه‌وانی ئه‌ستێره‌كه‌ی تره‌مپ ده‌كه‌ن
K24 - هه‌ولێر:
به گوێره‌ی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی كه شه‌وی رابردوو له یوتیوب بڵاوكراوه‌ته‌وه، دوو پیاو، كه جلی هاوشێوه‌ی "سه‌ربازانی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی پێشوو"یان له‌به‌ر كردووه، پاسه‌وانی له ئه‌ستێره‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن، له شه‌قامی كه‌سایه‌تییه به‌ناوبانگه‌كان له هۆلیوود.
پێشتر ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌ی تره‌مپ، له‌سه‌ر كاشی شه‌قامه‌كه چه‌سپێنرابوو، له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی نادیاره‌وه شكێندرا.
ئه‌و "دوو سه‌ربازه سۆڤیه‌تییه" به هه‌ڵگرتنی ئاڵای رووسیاوه له شوێنه‌كه مابوونه‌وه، چالاكوانێكیش پلانكارتێكی هه‌ڵگرتووه و نووسویه‌تی: "تره‌مپ 2020"، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ دووباره خۆی كاندیدكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكی ئێستای ئه‌مه‌ریكا بۆ خوولێكی دیكه‌ی سه‌رۆكایه‌تی.
پێشتر به‌رده‌وام تۆمه‌تی ده‌ستێوه‌ردانی هه‌ڵبژاردنه‌كان دراوه‌ته پاڵ رووسیا و هه‌ندێك له میدیاكانی ئه‌مه‌ریكاش رایده‌گه‌یه‌نن، ئه‌ندامانی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی تره‌مپ، په‌یوه‌ندییان به مۆسكۆ و كه‌سه نزیكه‌كانی ڤلادیمێر پوتینی سه‌رۆكی رووسیاوه هه‌یه و له به‌رژه‌وه‌ندی تره‌مپ رووسیا ده‌ستكاری هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی كردووه.
ا. م