کوەیت مۆلیدە و تانکەری ئاوی بۆ عێراق دابینکرد

"کوەیت یارمەتییەکانی بۆ عێراق ئاشکرادەکات"

K24- هه‌ولێر:

وڵاتی کوەیت بۆ یارمەتیدانی عێراق لەو تەنگەژەیەی ئێستا تێیکەوتووە، تانکەری ئاو و مۆلیدەی کارەبای داوەتە حکوومەت.

بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی عومان تایمز، باخیت رەشیدی، وەزیری نەوت، ئاو و کارەبای کوەیت، لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ کابینەی حکوومەتەکەی ئاشکرای کردووە: "حکوومەتی کوەیت چەند مۆلیدەیەک کە تێکڕا توانای بەرهەمهێنانی 30 هەزار کیلۆواتیان هەیە بەخشیوەتەوە عێراق".

لە لایەکی دیکەوە، بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی کوەیت(کونا)، خالید رۆدحان، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی کوەیت، بەخشینی چەند تانکەرێکی ئاوی بە عێراق راگەیاندووە.

بەخشینی مۆلیدە و تانەکەری ئاو لە لایەن کوەیتەوە بە عێراق لە کاتێکدایە، لە دوای ساڵی 2003، حکوومەتی عێراق ملیارەها دۆلاری بۆ کەرتی کارەبا خەرجکردووە بەڵام بەهۆی گەندەڵی و بوونی کەم و کوڕی لە دامودەزگاکانی حکوومەتدا، رەوشی کارەبا لە عێراق لە بارێکی زۆر خراپدایە.

زیاد لە 20 رۆژە هاووڵاتیانی عێراق بەهۆی کەمی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و گەندەڵی زۆر، لە خۆپیشاندان بەردەوامن، لە نوێترین هەوڵی چاکسازیشیدا، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، وەزیری کارەبای حکوومەتەکەی سڕکرد.

H.J