بازی مه‌رجه‌عییه‌ت له‌سه‌ر شانی عامری ده‌نیشێته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی عوكازی سعوودی كه له ژماره‌ی ئه‌مڕۆدا بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئیره‌ج مه‌سجدی باڵیۆزی ئێران له به‌غدا، داوای له نووری مالیكی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانێتی ده‌وڵه‌تی یاسا كردووه هه‌وڵه‌كانی چڕبكاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی، هادی عامری، سه‌ركرده‌ی حه‌شدی شه‌عبی و ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی به‌در بكرێته كاندیدی پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق. له به‌رامبه‌ریشدا نووری مالیكی پۆستی وه‌زاره‌ته‌كانی ده‌ره‌وه‌و ناوخۆی حكوومه‌تی داهاتووی بدرێتێ.
رۆژنامه‌كه له زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌تی خۆیه‌وه نوسیوویه‌تی: "مه‌سجدی به نووری مالیكی گوتووه، عه‌لی سیستانی گڵۆپی سه‌وزی هه‌ڵكردووه بۆ ئه‌وه‌ی هادی عامری ببێته سه‌رۆكوه‌زیرانی داهاتووی عێراق".
به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ی رۆژنامه سعوودییه‌كه، مه‌سجدی چه‌ندین كه‌سایه‌تی دیكه‌یشی بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و په‌رله‌مان له كورد و سوننه و كاندیدی دیكه‌یشی بۆ پێگه گرنگه‌كانی دیكه خستووه‌ته‌ڕوو.
رۆژی هه‌یینی رابردوو مه‌رجه‌عییه‌تی باڵای شیعه له نه‌جه‌ف كه ئایه‌توڵڵا عه‌لی سیستانی نوێنه‌رایه‌تییان ده‌كات داوای له كوتله سیاسییه‌كان كرد په‌له له پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ‌دا بكه‌ن.
هادی عامری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانێتی فه‌تحه كه زۆرینه‌ی گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له خۆگرتووه، له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی رۆژی 12/5/2018 توانییان 47 كورسی به‌ده‌ستبهێنن و كه‌سێكه له ئێرانه‌وه نزیكه.