لێدان و گێچەڵکردن بە کچێک پاریسییەکان توڕە دەکات

لەبەرچاو خەڵک و لە شەقامێکی گشتی لێی دەدرێت

K24- هه‌ولێر:

لە کافێیەکی شاری پاریس و لە رۆژی روناکدا، کچە قوتابییەکی تەمەن 22 ساڵ بە ناوی ماری لاگوێر ، دوای گۆڕینەوەی وشەی نەشیاو لەگەڵی، لە لایەن پیاوێکەوە بە تووندی زلەیەکی لێدەدرێت.

رۆژنامەی لو پاغیژیانی فرەنسی، لە زاری ئەو کچە خوێندکارە ئاشکرای کردووە، ماری پیاوەکە ناناسێت، کاتێک لێی نزیکبۆتەوە گێچەڵی سێکسی پێکردووە، ئەمیش پێی گوتووە "دەمت داخە". پاشان پیاوەکە لە دوورەوە تەپڵەکێکی جگەرەی تێگرتووە.

پیاوەکە بەوەوە نەوەستاوە و بێ گوێدانە سەردانکەرانی کافێکە، قسەی نەشیاو بە کچە دەڵێت و دواتر لێی نزیک دەبێتەوە و زلەیەکی تووندی لێدەدات.

لای خۆیەوە مارلێن سکیاپا، وەزیری یەکسانی فرەنسا، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی پەپیپەر گووتی: "ئەمە شتێکی جدییە چونکە دەربارەی ئازادی جووڵەی ژنانە لە شوێنە گشتییەکان".

لە ئێستادا پۆلیس لێکۆڵینەوەکانی دەستپێکردووە لەسەر ئەو گرتە ڤیدیۆیەی دوێنێ دووشەممە بڵاوکرایەوە و بووە هۆی توڕەی زۆری خەڵکی فرەنسا.

H.J