لە كەركووك سێ پۆلیس و دوو ھاووڵاتی برینداربوون

دوو بۆمب بە ھێزەكانی پۆلیس دا تەقینەوە

K24 - كەركووك

لەماوەی 12 كاتژمێردا و لە چەند رووداوێكی جیادا، لە كەركووك سێ پۆلیس و دوو ھاووڵاتی برینداربوون.

پەیامنێری كوردستان24 لە كەركووك رایگەیاند: "لە سنووری ناحیەی رەشاد و لەسەر رێگەی کەرکووك- تکریت، لەکاتی تێپەڕبوونی مەفرەزەیەكی پۆلیسی ئیتیحادی، بۆمبێکی چێنراو تەقییەوە، پۆلیسێکی ئیتیحادی برینداربوو،  زیانی مادیش بەر ئۆتۆمبێلەکان کەوتن".

لە لایەكی دیكە شەوی رابردوو لەسنووری بنکەی پۆلیسی میقداد و لەگەڕەکی یەکی ئازار، دوو کەس بە مەبەستی دزیکردن، هەڵدەکووتنە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی عەرەب بەناوی محەمەد زێن عابدین، لەو کاتەدا ناوبراو لەماڵ دەبێ و دوای ئاشکرابوونی، شەڕ لەنێوان خاوەن ماڵەکە و دزەکان درووست دەبێت، لەوکاتەدا دراوسێی ئەو ماڵە بەناوی خەلیل ئیبراهیم، کە پیشەی مامۆستایە، بەهانای دێت و تەقە لە دزەکان دەکات، لە ئاکامدا یەکێکیان بە ناوی ئەحمەد عەلا بەسەختی بریندار دەبێت و ئەویتریان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵدێت، ئێستا بریندارەکە لەنەخۆشخانەیە و پۆلیس لەوبارەیەوە، لێکۆڵینەوەی دەست پێکردووە".

ھەروەھا شەوی رابردوو لە گەڕەکی واستی شاری کەرکووك لە بەرامبەر شوقەکانی کۆمپانیای غاز، بۆمبێکی چێنراو تەقییەوە، جگە لە زیانی مادی زیانی گیانی بە دواوە نەبوو.

پەیامنێرمان راشیگەیاند: "شەوی رابردوو دوو بریندار گەیەنرانە نەخۆشخانەی گشتی کەرکووك، کە بریندارەکان پۆلیسی ئیتیحادی بوون ولەکاتی پشکنینی گوندی خربە عەزیز بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو برینداربوونە".

ھ.م