لایەنە ناڕازییەكان ژوورێکی عەمەلیات پێکدێنن

بزووتنەوەی گۆڕان: ترسمان لە ساختەکاری هەیە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بە مەبەستی ئامادەسازی زیاتر و بەھێزکردنی ھەماھەنگی نێوانیان، چوار لایەنە ناڕازییەکەی ھەرێمی كوردستان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ژورێکی عەمەلیات پێکدەھێنن، بزووتنەوەی گۆڕانیش دەڵێت، ترسمان ھەیە ئەمجارەش ساختەکاری لە دەنگەکانمان بکرێتەوە.

ھێشتا خەمی لایەنە ناڕازییەکان لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی  پەرلەمانی عێراق کۆتایی نەھاتووە ، بۆیە نایانەوێت خەمێکی دیکەیان بۆ زیاد بێت و بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رێکاری نوێ دەگرنەبەر، بەڵام بەشێک لە ھاووڵاتیان ئەو بابەتەیان رەنگە ھێندە لاگرنگ نەبێت، حەکیم محه‌مه‌د ھاووڵاتییەکی دانیشتووی سلێمانییە و دەڵێت: "دانانی بەرنامەی پێشوەخت رەنگە ئەنجامی باشی ھەبێت، بەڵام ئەگەر پێش وەخت بڵێن تەزویڕ دەكرێت، خۆیان نایكەن؟ ئەو بابەتە لە كوردستان وایلێھاتووە ھاووڵاتیان ھیچ كات پشوو نەدەن، ئەو لایەنانەی ئیش لەسەر ئەوە دەكەن خەڵك بە لاڕێدا ببەن، با لەجیاتی ئەوە ئیش لەسەر یەكڕیزی گەلی كورد بكەن".

بزووتنەوەی گۆڕان، تۆماری دەنگدەران له‌ هه‌موو شتێك به‌ گرنگتر ده‌زانێت و ده‌ڵێن، ئەمجارە ھەموو رێکارەکانی ھەڵبژاردن بە دەست دەکرێن، بۆیە نایشارنە کە ترسیان لە ساختەکاری ھەیە، بەڵام ترسەکەیان لەسەر نائومێدکردنی خۆیان و ھاووڵاتیان نییە.

بەڵێن ئیسماعیل، ئەندامی ژووری ھەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان بە كوردستان24 راگەیاند: "لەپێناو ھەڵبژاردنێكی بێگەرد، ھەرچوار لایەن كە پێیان دەگوترێ ناڕازی و حزبی شیوعی و بزووتنەوەی ئیسلامیش لەگەڵمان ھاوكار دەبن، ژوورێكی عەمەلیاتی گەورە پێكدەھێنین، لەسەر ھەموو تەوەرە سیاسی و یاسایی و تەكنیكییەكان، بە ھەماھەنگی لە رۆژی ھەڵبژاردنەوە تا راگەیاندنی ئەنجامەكان چاودێری پرۆسەكە دەكەین".

بەپێی زانیارییەکان سەرپەرشتیاری ئەو ژورە عەمەلیاتە بەرپرسانی دەزگای ھەڵبژاردنی ھەر چوار لایەنەکە دەبێت، ھەر بەپێی زانیارییەکانیش بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو بزووتنەوەی گۆڕان ئەگەر ناڕەزایەتی ھەبوو تەنیا بە دەرکردنی بەیان نامە ھەڵوێستی خۆی دەرنابرێت، بە ھاوبەشی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش لەسەر ئەوە کۆکن، کە ئەگەر بێت و وەک خۆیان دەڵێن ساختەکاری کرا ھەڵوێستی توندیان دەبێت.

ھ.م