هەوڵێکی بنلادن بۆ تێکدانی پەیوەندی ئەمەریکا و سعودییە ئاشکرا دەکرێت

"بەمەبەست هاووڵاتیانی سعودییەی هەڵبژاردووە"

K24 – هه‌ولێر:

ئوسامە بنلادن، سەرۆکی پێشووی رێکخراوی ئەلقاعیدە، لە کارە تیرۆرستییەکانیدا، هاووڵاتیانی سعودی بەکارهێناوە تاکو پەیوەندی ئەمەریکا و سعودییە تێکبدات.

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لەزاری ئەفسەرێکی هەواڵگیری بەریتانی ئاشکرای کردووە کە دەزگا هەواڵگیرییەکان، "هیچ گومانێکییان نییە کە بنلادن بە مەبەست هاووڵاتیانی سعودییە هەڵبژاردوە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکەی ساڵی 2001یـی سەر ئەمەریکا".

ئەو بەرپرسەی هەواڵگیری بەریتانیا دەشڵێت: "بنلادن دڵنیابووە لەوەی کاردانەوەی هێرشەکان بەجۆرێک لە دژی سعودییە کۆتای دێت".

رۆژنامەکە لە زاری شازادە، تورکی فەیسەل، سەرۆکی هەواڵگیری سعودیە لە ساڵانی 1997 بۆ 2001، ئاشکرای کردووە: "دەزگا هەواڵگیرییەکانی سعودییە ئاگاداری پلانی تێکدانی پەیوەندی نێوان ئەمەریکا، فرەنسا، بەریتانیا و چەند وڵاتێکی عەرەبی بوون پێش ئەنجامدانی هێرشەکانی سەر دوو تاوەرە بازرگانییەکەی ئەمەریکا".

شازادە پێی وایە ئەو سیاسەتەی بنلادن لە دوای جەنگی سۆڤیەت لە ئەفغانستان گەشەیکردووە.

لای خۆیەوە و بۆ یەکەمجار، عالیا عەزام، دایکی ئوسامە بنلادن، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی گاردیان رایگەیاند: "کوڕەکەم شەرمن و زیرەک بوو، بەڵام کاتێک چووە زانکۆ، مێشکیان شۆردەوە".

لە 11ی ئەیلولی ساڵی 2001، قاعیدە دوو فرۆکەی نەفەرهەڵگری لە ئەمەریکا رفاند، بەو دوو فرۆکەیە، دوو تاوەری بازرگانی ئەمەریکای لە شاری نیویۆرک کردە ئامانج ، بەهۆیەوە  دوو هەزار و 699 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاد لە شەش هەزاری دیکەش برینداربوون، ئەمەش جیا لەوەی ئەمەریکا 10 ملیار دۆلار زیانی ئابووری بەرکەوت.

H.J