سه‌رۆك بارزانی: خوشك و برایانی ئێزدی جێگه‌ی شانازی هه‌موو كوردێكن له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان

"كوڕ و کچانمان لەهەموو کوردستانەوە هاتن و گیانی خۆیان بۆ ئازادکردنی شنگال بەخشی"

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، به‌ بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی چوار ساڵ، به‌سه‌ر په‌لاماره‌كه‌ی 3ی ئابی 2014ی چه‌كدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سه‌ر شنگال و كۆمه‌ڵكوژكردنی كوردانی ئێزدی، په‌یامێك ئاراسته‌ی خوشك و برا ئێزدییه‌كان و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌كات.

سه‌رۆك بارزانی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا، ده‌ڵێت: "لە ساڵیادی کارەساتی شنگالدا، سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەوکارەساتە".

له‌ به‌شێكی ئه‌و په‌یامه‌دا، سه‌رۆك بارزانی ده‌ڵێت: "لەكاتی ڕوودانی ئەو جینۆسایدەدا، هەموو خەڵکی کوردستان لەگەڵ خوشک و برایانی ئێزدیدا ئازاریان چەشت، هەر بۆیە کوڕ و کچانمان لەهەموو کوردستانەوە هاتن و گیانی خۆیان بۆ ئازادکردنی شنگال بەخشی".

سه‌رۆك بارزانی له‌ په‌یامه‌كه‌دا دووپات له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، "خوشک و برایانی ئێزدی بەشێکی دانەبڕاوی گەلی کوردستانن و هیچ دۆخێکی سەپێندراویش ناتوانێ لە گەلەکەیان دایانببڕێت".

له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌ سه‌رۆك بارزانیدا هاتووه‌: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵی خۆی بۆ گەڕاندنەوەی ڕفێندراوان خستۆتەگەڕ و ژمارەیەکی زۆریان گەڕاندوونەتەوە، بەڵام دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی تەواوی ڕفێندراوان و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و ئاوەدانکردنەوەی، ئەرکێکی هەمەلایەنە و هاوبەش و هەرە لەپێشی ئێستایە و پێویستە پەلەی تێدا بکرێت".

سه‌رۆك بارزانی، له‌ ئه‌كاونتی فه‌رمی خۆیشی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ره‌وه‌ نووسیویه‌تی: "بۆ خوشك و برا ئێزدییه‌كان: ئێوه‌ به‌شێكی دانه‌بڕوای كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیین، ئێوه‌ سه‌رچاوه‌ شانازین بۆ هه‌موو كوردێك له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان".

ا. م