لە ساڵیادی جەنگی عێراق- ئێران ترسی ھەڵگیرسانی جەنگێكی دیكە دەكرێت

كورد یەكێك بوو لە زیانمەندبووانی جەنگەكە
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/a0db961e-e1bc-45b4-8745-55dd9b2fb347/080818EFA.ism/manifest

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ ساڵیادی 30 ساڵەی كۆتایی ھاتنی جەنگی ھەشت ساڵەی عێراق - ئێرانە، كە لە مانگی ئەیلوولی 1980ەوە دەستی پێکرد و تا 8/8/1988 بەردەوام بوو.

بەھۆی ئەو جەنگەوە، لە ھەردوو بەشی باشوور و رۆژھەڵاتی كوردستان، زیانێکی زۆر بەر کورد کەوت، چونکە بەشێکی زۆری شەڕەکان لە ناوچە سنوورییەكانی كوردستان روویاندا.

لە 8 ئابی 1988 جەنگی ھەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران كۆتاییھات، كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە جەنگی یەکەمی کەنداو ناسراوە، عێراقیش پێی دەگوت "شەڕی قادسیەی سەدام" و ئێرانیش ناوی نابوو "شەڕی بەرگریی پیرۆز".

سەرەتای جەنگەكە بە شەڕی پچڕ پچڕ لە سەر سنوور دەستیپێکرد، پاشان سەدام حسێن، سەرۆکی ئەوکاتی عێراق رێککەوتنی جەزائیری لە ساڵی 1975ی ئێران ھەڵوەشاندەوە، بەشێوەیەکی فەرمی شەڕەکە لە رۆژی 22ی مانگی ئەیلولی 1980 دەستیپێکرد.

بەرلەوەی شەڕ دەستپێبکات عێراق و ئێران ناکۆکیی درێژخایەنیان ھەبوو لە سەر سنوورەکانی نێوانیان بە تایبەتی ئاوی شەتولعەرەب، ھۆکاری تەقینەوەشی لەوکاتەدا تۆمەتبارکردنی ئێران بوو لەلایەن عێراقەوە بە ھەوڵدان بۆ ھەناردەکرنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ عێراق و وڵاتانی دیكە، کە تەنھا ساڵێك بوو ئەو شۆڕشە حوکمی تارانی گرتبووە دەست.

لە سەرەتادا شەڕ لە بەرژەوەندی عێراق بوو، چەند ناوچەیەکی ئێرانی داگیرکرد، بەڵام تا ساڵی 1982 ئێران ھەموو ناوچەکانی لە عێراق سەندەوە، ناوبەناویش ھەر لایە و بەسەر لایەکی دیكەدا سەردەکەوت.

بەھۆی ئەو شەڕەوە زیانێکی زۆر بەر کورد کەوت، ھەم لە باشووری کوردستان ھەمیش لە رۆژھەڵاتی کوردستان، چونکە بەشێکی زۆری سنووری عێراق و ئێران لە خاکی کوردستاندا بوو، بەشێکی شەڕەکانیش لە کوردستان روویاندا، جیالەوەش وێرانكردن و سوتاندنی ھەزاران گوند و گیان لەدەستدانی ھەزاران سەربازی كورد كە لە ریزەكانی سوپای عێراقدابوون، لە ھەمووی جەرگبڕتر کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجە بوو لەلایەن عێراقەوە.

دوای ھەوڵی زۆری نێودەڵەتی، لە 8/8/1988 ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیاریدا بە راگرتنی شەڕ. بەھۆی ئەم جەنگەوە ئابووریی ھەردوو وڵات زیانێکی زۆریان بەرکەوت، لەو شەڕەدا نزیکەی نیو ملیۆن سەربازی ھەردوولا کوژران و نزیکەی ھەمان ژمارەش لە ھاووڵاتیانی مەدەنی کوژران.

ئەو یادە ھاوكاتە لەگەڵ بڕیاری ئەمەریكا بۆ گەمارۆ خستنە سەر ئێران و ترسی خەڵكی ناوچەكە لە دووبارە ھەڵگیرسانەوەی جەنگێكی دیكە.

ھ.م