ئەڵمانیا له‌ هاوکاریكردنی پێشمەرگە به‌رده‌وام ده‌بێت

سەرۆك بارزانی و کونسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا باسی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ر دوولا ده‌كه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

له‌ دیدارێكی نێوان سەرۆك مەسعود بارزانی و باربارا وۆڵف کونسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا كه‌  ئه‌مڕۆ چوارشەممە ٨/٨/ به‌ڕێوه‌چوو، ٢٠١٨، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا خرایە بەرباس و کونسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە مەشق و ڕاهێنان و هاوکاریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هەموو توانایەکیشیان بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێووان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان دەخەنەگەڕ.

هەر لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق لە دوای هەڵبژاردنەکان و پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەت خرایە بەرباس و کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا ڕایگەیاند: "وڵاتەکەی پشتیوانیی لە پڕۆسەی دیموکراسیی لە هەرێم و سەروەری یاسا و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا دەکات".

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی کونسوڵی نوێی ئەڵمانیا، پیرۆزبایی وەرگرتنی ئەو ئەرکە نوێیەی لە باربارا وۆڵف کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.

هه‌روه‌ها سەرۆک بارزانی پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئەڵمانیای بە دۆستانە و نموونەیی وەسف كرد و پشتیوانیی خۆی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ ئەڵمانیا خستەڕوو و سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیاشی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا هاوكاریی كاریگەریان پێشكەشی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردووە.

 داوایشی كرد پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا فراوانتر بكرێت و دەستخۆشیی لەو هەوڵانە کرد کە بەمەبەستی پەرەپێدانی ئابووریی خستوویانەتە بەرنامەی کاری خۆیانه‌وه‌.

دیداری نێوان سه‌رۆك بارزانی و كونسوڵی گشتی نوێی ئه‌ڵمانیا و شاندی یاوه‌ریان
دیداری نێوان سه‌رۆك بارزانی و كونسوڵی گشتی نوێی ئه‌ڵمانیا و شاندی یاوه‌ریان