چوار ئه‌ندامی خێزانێكی كوردى خورماتوو له ده‌ریای ئیجه خنكان
K24 - هه‌ولێر:
چوار ئه‌ندامی یه‌ك خێزانى كه خه‌ڵكی خورماتوون و دوای 16ی ئۆكتبه‌ر ئاواره‌ی سلێمانی بوون، له كاتی په‌ڕینه‌وه‌یان له ده‌ریای ئیجه له توركیاوه به‌ره‌و یۆنان، خنكان.
رووداوه‌كه كاتژمێر 5ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ روویداوه، كاتێك (هونه‌ر ره‌عد) له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی ویستوویانه‌وه له توركیاوه له رێگه‌ی ده‌ریا به‌ره‌و یۆنان بپه‌ڕنه‌وه, به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێشبینیان نه‌ده‌كرد روویدا، ئه‌ویش به‌له‌مه‌كه‌یان نقوم ده‌بێت و له ئاكامدا هه‌ریه‌ك له (شه‌یما عه‌زیز) هاوسه‌ری هونه‌ر و سێ له كچه‌كانی به‌ناوی (ده‌لال، فه‌ره‌ح و نه‌غه‌م) گیانییان له‌ده‌ستدا، ئه‌وانه‌ی ده‌ربازیان بووه ته‌نها (هونه‌ر و كوڕه‌كه‌یه‌تی به‌ناوی محه‌مه‌د).
شه‌ماڵ ره‌عد، كه براژنه‌كه‌ی و سێ له برازاكانی له رووداوه‌كه‌دا خنكاون، كه له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه له خورماتووه‌وه ئاواره‌ی سلێمانی بوونه، به كوردستان 24ی راگه‌یاند، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ كاتژمێر 4 و نیو له توركیاوه به رێكه‌وتوون و كاتژمێر 5 رووداوه‌كه‌یان به‌سه‌ردا هاتووه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌وان هه‌وڵیانداوه به زووترین كات ته‌رمه‌كان له توركیاوه بگه‌ڕێندرێنه‌وه كوردستان و سه‌ردانی كۆنسوڵخانه‌یان كردووه، به‌ڵام به‌هۆی پشووه‌وه نه‌توانراوه هیچ وه‌ڵامێك وه‌ربگرن.
شه‌ماڵ له رێگه‌ی كوردستان 24ه‌وه داوا له‌لایه‌ن په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كات هاوكاری خێزانه‌كه‌یان بكه‌ن له گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كان.
ئه‌و گه‌نجه كه ئێستا له سلێمانی داده‌نیشێت بۆ كوردستان 24 گوتی: "ئێمه له‌لایه‌ك سه‌رقاڵی نه‌خۆشی دایكم بووین، كه گورچیله‌ی وه‌ستاوه و ده‌مانه‌وێت چاره‌سه‌رێكی بۆ بكه‌ین، كه‌چی ئه‌و هه‌واڵه‌مان پێگه‌یشت، به‌داخه‌وه ئێستاش به‌هۆی پشوو له وڵاتی توركیا، ناتوانین ته‌رمه‌كان بگه‌ڕێنینه‌وه".
پێشتر ئه‌و خێزانه دانیشتووی گه‌ڕه‌كی كۆماری شارۆچكه‌ی خورماتوو بوون، به‌ڵام له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه ئاواره بوونه و ئێستا له گه‌ڕه‌كی راپه‌ڕینی شاری سلێمانی داده‌نیشن.
ا. م