نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات تا جەژن حکوومەتی عێراق پێکبهێندرێت

"عێراق دەبێت پابەندنی سزاکانی سەر ئێران بێت چونکە هیچ رێگایەکی دیکەی نییە"

K24- هه‌ولێر:

یان کۆبیش، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق، داوا دەکات حکوومەتی داهاتووی عێراق تا جەژی قوربان پێکبهێندرێت و هۆشداریش دەداتە عێراق سەبارەت بە پابەندنەبوون بە سزاکانی ئێران.

لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، کۆبیش، باسی لە چەند پرسێکی هەنووکەیی عێراق کرد و هۆشداری دایە حکوومەتی عێراق بەوەی خۆپیشاندان لە چەند پارێزگایەکی عێراق "پەیامێکی زۆر بەهێزی هاووڵاتیانە و  توڕەیی خەڵک لە سیستەمی سیاسی و تائیفەگەری عێراق نیشاندەدات".

سەبارەت بە راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئایاری رابردووی عێراق دوای پرۆسەی هەژمارکردنەوەی دەستی دەنگەکان، ئەو نوێنەرەی نەتەوە یەکگرتووەکان گووتی: "ئەوە شتێکی باشبوو کە بەرپرسان بڕیاری ژماردنەوەی سندوقەکانی دەنگدانیاندا کە گومانی ساختەکارییان لێدەکران، بەمە متمانەی زیاتریان بەخشییە پرۆسەی هەڵبژاردن".

سەبارەت بە هەژموونی ئێران لە عێراق، کۆبیش رایگەیاند کە ئەوە شتێکە دەبێت حکوومەتی عێراق بڕیاری لەسەر بدات بەڵام لەبارەی پابەندبوونی عێراق بە سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، گوتی: "عێراق هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە جیا لە پابەندبوون بەو سزایانە".

کۆبیش داواش دەکات، بەرپرسانی عێراق دەست بە پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی دهاتووی عێراق بکەن، هیوا خوازیشە، تا جەژن حکوومەتی نوێ پێکبهێندرێت.

‌H.J