لایه‌نه ناڕازییه‌كان داوای گفتوگۆی نیشتمانی ده‌كه‌ن
K24 - سلێمانی
لایه ناڕازییه‌كان دووپات له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه و ده‌شڵێن، ئه‌وان ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ره‌تده‌كه‌نه‌وه و له هه‌مان كاتیش‌دا بۆ ناوخۆی كوردستان داوای گفتوگۆیه‌كی نیشتمانی به‌رپرسیارانه ده‌كه‌ن.
دوای راگەیاندنی دەرئەنجامەکانی کۆمسیۆن لە بارەی ھەژماری دەنگەکان چوار لایەنە ناڕازییەکە كە پێكھاتوون لە بزووتنەوەی گۆڕان و ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامی، لە سەرئاستی باڵا کۆبوونەوە، ئەو لایەنانە رایدەگەیەنن کە دەرئەنجامەکان رەتدەکەنەوە و پێداگری لە سەر ھەڵوێستی پێشوویان دەکەنه‌وه.
دوای كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەرھەم ساڵح، سەرۆکی ھاوپەیمانی دیموکراسی و داد پەروەری گوتی: "وڵاتەكەمان توشی قەیرانی گەورەبووە و پێویستی بە دەستپێشخەری نیشتمانی ھەیە، بۆ دەربازبوون لەو دۆخە".
لە لایەكی دیكە سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند: "جارێكی دیكە بانگێشتی ھەموو لایەنەكان دەكەین، بەشداری بكەن لە پڕۆژەی ھاوبەشی پارتی و یەكێتی بۆ گفتوگۆ كردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان لەسەر پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق".
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، چوار لایەنەکە دەڵێن، داوادەکەین کاری جیدیی بکرێت لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاك و بێگەرد لە هەرێمی کوردستاندا، کە دڵنیایی بداتە هاووڵاتییان و لایەنە سیاسییەکان، ئەوەش بە پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران و چاکسازیی لە رێکار و یاساکانی کۆمسیۆن، کە کات و زەمینەی هەڵبژاردنێکی بێ ساختەکاری فەراهەم بکات و ببێتە مایەی پتەوکردنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی.