لاڤرۆڤ ئامادەکاریی بۆ دیدارێکی چارەنووسسازی بێ ئەمەریکا دەکات

دیدارەکە لە تورکیا دەبێت و لەبارەی رەوشی سووریایە

K24 – هه‌ولێر:

بڕیارە ئەمڕۆ دوو شەممە، لە سەردانێکی دوو رۆژی بۆ تورکیا، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، باس لە دیداری چوار قۆڵی نێوان رووسیا، ئەڵمانیا، فرەنسا و تورکیا بکات.

لاڤرۆڤ لە بارەی سەردانەکەی رایگەیاندووە: "رووسیا بەردەوامی دەدات بەو راستییەی کە رووسیا و تورکیا ئەرکی تایبەت بە چەسپاندنی ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیری لە سووریا و ناوچەکە دەگرنە ئەستۆ".

بە گوێرەی هەواڵێکی سایتی ترێند، لاڤرۆڤ دەیەوێت: "لەگەڵ تورکیا گفتوگۆبکات تاکو ئامادەکاری بکەن بۆ کۆبوونەوەی چوار قۆڵی لە نێوان سەرکردەکانی رووسیا، تورکیا، ئەڵمانیا  و فرەنسا".

لاڤرۆڤ ئەمڕۆ دەگاتە تورکیا و دوو رۆژ دەمێنێتەوە و تیایدا دەیەوێت ئامادەکاری بۆ ئەو دیدارە گرنگە بکات کە بۆ یەکەمینجارە لە وڵاتی تورکیا و بە ئامادەبوونی چوار هێزی باڵای جیهانی رێکدەخرێت.

H.J