توركیا په‌نا بۆ "هاوڕێ نوێیه‌كانی" ده‌بات

"رەنگە جارێکی دیکە ئەمەریکا و تورکیا نەبنەوە هاوپەیمان"

K24 – هه‌ولێر:

لەگەڵ دوورکەوتنەوەی لە ئەمەریکا، تورکیا لە سێ وڵات نزیکتر دەبێتەوە، بەجۆرێک نزیکە جارێکی دیکە واشنتن و ئەنقەرە وەک هاوپه‌یمان یەکتر نەبینن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەهۆی زیادکردنی باجی چەند وڵاتێک، پەیوەندی هاوڕێیانەی نێوان یەکێتی ئەوروپا، یابان و ئێستاش تورکیای خستۆتە مەترسییەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هەر زوو ئەمەریکای بەوە ترساند، لە ئەگەری لە دەستدانی ئەمەریکا هاوڕێی نوێ دەدۆزێتەوە، ئەو هاوڕێیانەش دیارن کە کێن و پەیوەندیان بە تورکیاوە چییە.

تێكچوونی پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و تورکیا شتێکی چاوەڕوانکراو بوو، ساڵانێکە لەسەر پرسی سووریا، گۆڕانکارییە دیموکراسییەکان و سیاسەتە ئابوورییەکان، واشنتن و ئەنقەرە کێشەیان هەیە. ئەمەش وایکردووە، تورکیا لە چەند ساڵی رابردوو پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیا، چین و قەتەر زیاد بکات.

رووسیا

رەنگە بۆ ئەمەریکا پەیوەندی نێوان تورکیا و رووسیا نهێنییەکی گەورە نەبێت. ئەنقەرە لە هەموو هاوپەیمانەکانی تری ئەمەریکا لە ناوچەکە زیاتر لە کرێملین نزیکە.

لە دوای "کودەتاکەی" ساڵی 2016، ئەردۆغان لە وتارەکانی دەستیکردووە بە هێرشکردنە سەر ئەمەریکا و رۆژئاوا و بە هۆکاری ئەنجامدانی "کودەتاکە" تۆمەتباریکردوون، ئەمەش هەنگاوێکی دیکە لە مۆسکۆی نزیکردەوە.

تورکیا چەند جارێکیش لەگەڵ رووسیا و ئێران بۆ تاوتوێکردنی پرسی سووریا بەبێ ئامادەبوونی ئەمەریکا کۆبۆتەوە.

ئەیکان ئیردێمیر، پەڕلەمانتاری پێشووی تورکیا، لە لێدوانێکیدا بۆ واشنتن پۆست لەبارەی دوورکەوتنەوەی واشنتن و ئەنقەرە رایگەیاند: "دوورکەوتنەوەی تورکیا لە هاوپەیمانی ئەتلەسی و نزیکبوونەوەی لە رووسیا و ئێران لەمێژە روویداوە. بۆ ئەردۆغان، ئەمەریکا کاریگەری لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە چونکە ئەمەریکا ئەوەندەی قسەیە، ئەوەندە کردار نییە".

یارمەتی ئەمەریکا بۆ کوردەکانی رۆژئاوا، ئەردۆغانی توڕەتر کرد، بەجۆرێک، دەستیکرد بە پشتگیریکردنی بەشار ئەسەد و چووە پاڵ رووسیا. ئەسەدێک کە رۆژگارێک ئەردۆغانی تەواو دژی بوو.

هەماهەنگی لە سووریا، رەنگە بۆ هاوپەیمانی بگۆڕێت. دوای ئەوەی تورکیا پێشنیازی گۆڕینی مامەڵەکردنی بە دۆلارکرد و نیازی هەیە رووی بازرگانییەکانی بکاتە رووسیا و چین، بەمەش دروستبوونی هاوپەیمانی ئەنقەرە و مۆسکۆ ئاسان دەبێت.

قەتەر

وڵاتە دەوڵەمەندەکەی کەنداوی فارس، پەیوەندی دێرینی لەگەڵ تورکیا هەیە و لە ساڵی 2015، پەیوەندییەکانیان زیاترکرد. بنکەی سەربازی تورکیا لە قەتەر بوونی هەیە و چەند جارێک مانۆڕی سەربازی هاوبەشیان ئەنجامداوە، ئەمەش لە کاتێکدایە قەتەر لە لایەن چەند وڵاتێکی کەنداوەوە گەمارۆی خراوەتەوە سەر.

سعودییە و وڵاتانی دیکەی عەرەبی، هەناردەکردنی خواردن و شتومەکییان بۆ قەتەر وەستاند، ئەوەی لە رێگای فرۆکەوە خواردن و پێدوایستی بۆ قەتەر دابینکردن تورکیا بوو. ئەمەش وایکردووە پەیوەندی ئەو دوو وڵاتە زیادتربکات و قەتەر وەبەرهێنان لە تورکیا بکات.

بەڵام ئەوە روون نییە کە قەتەرە چەند دەتوانێت یارمەتی تورکیا بدات لە کاتی تەنگەژەدا چونکە ئەو وڵاتە خۆی بەدەست چەندین کێشە و سزای ئابووری دەناڵێنێت.

چین

رەنگە چین لە ئێستادا نەتوانێت ببێتە هاوڕێیەکی نزیکی ئەردۆغانی ئیسلامی، بەوەی ئەو وڵاتە رەخنەی زۆری لێدەگیرێت لەبارەی مامەڵەی لەگەڵ کەمینە مووسوڵمانەکان.

هەوڵەکانی تورکیا بۆ چوونە ناو یەکێتی ئەوروپا شکستی هێنا و لەجیاتی ئەوە رەنگە بتوانێت جێگەی خۆی لە رێکخراوی هەماهەنگی شانگهای بکاتەوە.

هەفتەی رابردوو، تورکیا و چین، زیادکردنی هەماهەنگی سەربازیان راگەیاند، ئەمەش لەکاتێکدایە رێکخراوی ناتۆ بەرەو لاوازی دەچێت.

چین بە پەرۆشە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی ئەمەریکا لە جیهان دروستیکردووە و تورکیاش رەنگە بۆ ئەوە بتوانێت یارمەتی بدات.

تورکیا قەبارەی بازرگانی لەگەڵ چین زیادکردووە، بەجۆرێک ساڵانە بە بەهای 27 ملیار دۆلار ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لەگەڵ چین دەکات.

ئەم هەنگاوە سەرەتاییانە رەنگە دواجار تورکیا و چین، دژی ئەمەریکا، بخاتە ناو یەک هاوپەیمانێتییەکەەوە

سەرچاوە: واشنتن پۆست

H.J