"ئێران سه‌ركرده شیعه‌كان به‌بێ سه‌در و عه‌بادی كۆده‌كاته‌وه"
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی "العربی الجدید"، له راپۆرتێكدا ئاشكرای ده‌كات، ئێران شاندێكی باڵای ناردووه‌ته عێراق و كۆبوونه‌وه‌ی "گرنگی" له‌گه‌ڵ سه‌ركرده شیعه‌كان كردووه، به گوێره‌ی راپۆرتی رۆژنامه‌كه‌ش، به‌مزووانه گۆڕانكاری "گه‌وره" له باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا رووده‌دات.
رۆژنامه‌كه، له راپۆرته‌كه‌یدا، كه ئه‌مڕۆ 15ی ئاب/ ئۆگستۆس بڵاویكردووه‌ته‌وه، باس له‌وه ده‌كات، ئێران شاندێكی فه‌رمی ناردووه‌ته به‌غدا، كه سێ كه‌سایه‌تی گرنگی ئێرانی له‌خۆگرتووه، یه‌كێك له‌وانه كه‌ریم رهزایییه، كه یه‌كێكه له گه‌وره یاریده‌ده‌رانی قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران بۆ كاروباری عێراق، بۆ ئه‌وه‌ی چاوییان به سه‌ركرده شیعه‌كان بكه‌وێت، به‌ڵام له‌ناو ئه‌و سه‌ركردانه هیچ یه‌كێك له سه‌در و عه‌بادی تێدا نییه.
رۆژنامه‌كه له سه‌رچاوه‌كانی خۆیه‌وه گواستوویه‌ته‌وه، بڕیاره ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، سه‌ركرده شیعه‌كان له به‌غدا به ئاماده‌بوونی شانده ئێرانییه‌كه كۆببنه‌وه، كه له ئیره‌ج مه‌سجدی، باڵیۆزی ئێران له به‌غدا، كه‌ریم ره‌زایی (حاجی كه‌ریم) یاریده‌ده‌ری قاسم سوله‌یمانی و دوو كه‌سایه‌تی دیكه‌ی دیاری ئێرانی پێكدێن كه دوێنێ گه‌یشتوونه‌ته به‌غدا.
ئه‌و رۆژنامه‌یه له درێژه‌ی راپۆرته‌كه‌یدا، باس له‌وه‌ش ده‌كات، تا ئێستا گفتوگۆی نێوان كوتله سیاسییه‌كان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتوو به‌رده‌وامه، هه‌ندێكیشیان گه‌شبینن به‌وه‌ی به‌مزووانه پرسه ئاڵۆز و ناكۆكه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، به‌تایبه‌تیش دوای ئه‌وه‌ی شانده ئێرانییه‌كه گه‌یشتووه‌ته به‌غدا و كۆبوونه‌وه‌ی دیكه له‌گه‌ڵ كوتله جیاوازه‌كان ده‌كه‌ن.
رۆژنامه‌كه له زاری فه‌تاح ئه‌لشێخ، سه‌ركرده له هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسای نووری مالیكی بڵاویكردووه‌ته‌وه، تا ئێستا هیچ رێككه‌وتنێك له نێوان كوتله سیاسییه‌كان نه‌كراوه، به‌هۆی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران و ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌و پۆسته وه‌رده‌گرێت".
ئه‌و سه‌ركرده ده‌شڵێت: "دواكه‌وتنه‌كه له‌لایه‌ن كوتله شیعییه‌كانه‌وه به‌هۆی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش تێپه‌ڕێت، جارێكی دیكه به‌هۆی سووننه و كورد دواده‌كه‌وێت، پێموایه له‌دایكبوونی حكوومه‌تی داهاتوو كاتێكی زۆری ده‌وێت".
سه‌باره‌ت به باڵه سه‌ره‌كییه‌كانی ناو ماڵی شیعه‌ش، ئه‌و سه‌ركرده‌یه ده‌ڵێت: "ئێستا دوو باڵی شیعه هه‌ن، یه‌كه‌میان موقته‌دا سه‌در، عه‌مار حه‌كیم و حه‌یده‌ر عهبادیین، دووه‌میشیان هادی عامری، نووری مالیكی و ته‌واوی لایه‌نه‌كانی هاوپه‌یمانی پێشووترن، ئه‌وه‌ش به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی پێكهێنانی حكوومه‌ت ئه‌وه‌نده كاته‌ی بوێت، به بۆچوونی منیش چاره‌سه‌ركردنی گرێی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، به واتای چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كه‌یه".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا، ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی هێزه عێراقییه‌كان، بۆ رۆژنامه‌كه ده‌ڵێت: "كوتله سووننییهكان سه‌رقاڵی دیاریكردنی كه‌سێكن بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، كوردیش به هه‌مان شێوه بۆ پۆستی خۆی، كوتله شیعییه‌كانیش سه‌رقاڵی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانن، به بۆچوونی من سه‌رقاڵكردنی خه‌ڵك به‌وه‌ی كوتله‌كان خه‌ریكی دانانی كارنامه‌ی حكوومه‌تن، شتێكی نائه‌خلاقییه، چونكه ئێستا گفتوگۆكان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كێن ئه‌وانه‌ی سێ پۆسته سه‌ره‌كییه‌كه وه‌رده‌گرن، حكوومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رۆك كۆمار".
محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا ده‌شڵێت: "ئه‌گه‌ر كوتله‌كان له نێوان خۆیان رێككه‌وتن، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كوتله‌ی پێكهاته‌كانی دیكه ده‌ستپێده‌كات، به كورتییه‌كه‌ی واتا گه‌ڕانه‌وه بۆ چوارگۆشه‌ی پشك پشكێنه‌ی تایه‌فی".
رۆژنامه‌كه له به‌شێكی دیكه‌ی راپۆرته‌كه‌ی، زانیاری دزه‌پێكراوه‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكای دركاندووه و بڵاویكردووه‌ته‌وه، به گوێره‌ی ئاماژه‌كان ئه‌مه‌ریكا به نیازی گۆڕانكارییه.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌كه، "گۆڕانكارییه‌كانیش هه‌ریه‌ك له دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆز و چه‌ند به‌رپرسێكی دیكه‌ی دۆسیه‌ی عێراقی ده‌گرێته‌وه".
وه‌ك رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی پێكردووه، گفتوگۆ له باره‌ی لادانی برێت مه‌كگورك، نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، كراوه.
له‌و باره‌یه‌وه رۆژنامه‌كه له راپۆرته‌كه‌یدا نووسیویه‌تی: "گفتوگۆی ئه‌وه هه‌یه كه دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، له كاره‌كانی تیمی ئه‌مه‌ریكا له دۆسیه‌ی عێراق رازی نییه و هه‌ژموونی ئێران له عێراق هێشتا له فراوانبووندایه، بۆیه ده‌یه‌وێ تیمی ئێستا بگۆڕێت و تیمێكی به‌هێزتر ره‌وانه بكات".
ا. م