مووچەخۆران لە پاشەكەوت بێ ئومێد دەبن
K24 - سلێمانی
حكوومهتی ههرێمی كوردستان كهوتووهته نێوان دوو قهرزی گهورهی دارایی، یهكێكیان قهرزی كۆمپانیاكانی نهوته و ئهوی دیكەش قهرزی پاشهكهوتی مووچهی فەرمانبەران، بهشێك له مووچهخۆرانیش بێ ئومێدبوون لهوهی ئیتر مووچه پاشهكهوت كراوهكانیان بۆ بگهڕێتهوه.
عەلی محهمهد، نزیکەی 30 ساڵە لە یەکێك لە فەرمانگەکانی حکوومەت فەرمانبەرە، زیاتر لە 35 ملیۆن دیناری پارەی پاشەکەوت کراوی مووچەکەی لای حکوومەتە، ئەو دەڵێت "مردووی گۆڕستان چەند بەتەمای پارە پاشەکەوت کراوەکانیەتی، منیش ھێندە چاوەڕێم کە حکوومەت بمداتەوە".
ئەو فەرمانبەرە بە كوردستان24 گوت: "داوا لە حكوومەت دەكەم پاشەكەوتەكەمان بۆ بگێڕێتەوە، چونكە لەوكاتەوە مووچەمان لێبڕاوە ئێمەش قەرزدارین".
سەرۆکی لیژنەی وزەو سەرچاوە سروشتییەکانی پەرلەمانیش رایدەگەیەنێت، بە پێی یاسا حکوومەت ناتوانێت پارەی کۆمپانیاکان بدات، چونکە ئەوە مافی خۆیانە، ئەگەر حکوومەت ئەو کارەی نەکرد دەتوانن لە دادگای نێودەوڵەتی سکاڵا تۆمار بکەن.
شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی لیژنەی وزەو سەرچاوە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "راستە دەبێ حكوومەت پارەی كۆمپانیاكان بدات، بەڵام لەو بڕوایەدام كە حكوومەت ئەوەندەی لە نەوت و گاز دەست دەكەوێت، لەگەڵ داھاتی بەغدا و ناوخۆ پارەی ئەو كۆمپانیایانە بدات و بڕیاری كۆتایھاتنی سیستمی پاشەكەوتی مووچەش بدات".
بۆ دەرھێنان و بە بازاڕکردنی نەوت، حکوومەتی ھەرێم گرێبەستی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی جیھانیدا واژوو کردووەو بە گوێرهی یهكێك بڕگەكانی لە گرێبەستی نێوان حکوومەت و کۆمپانیاکان بێت، دەبێت ھەردوولا پابەند بن بەو ئەرك و مافەکانیان بەرامبەر بە یەکتر، بۆیە حکوومەت ناتوانێت مافی کۆمپانیاکان نەدات و سەرجەمی داھاتەکەی بكاتە به مووچەی مووچه خۆران.
ھ.م