خه‌ریكه‌ لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كان به‌ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی رازی ده‌بن

لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كان: پێویسته‌ كورد به‌ یه‌كده‌نگی بچێته‌ به‌غدا
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

ھەرچوار لایەنی ناڕازی لە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گەیشتوونەتە ئەو بروایەی كە دەبێت كورد بەیەكدەنگی بگەڕێتەوە بەغدا، بەرپرسێكی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەڵێت :خاوبوونەوەیەك ھەیە لە نێوان لایەنەكان بۆ رەتكردنەوەی گفتوگۆ، چونكە ناكرێت تا سەر گفتوگۆكردن رەتبكەینەوە.

لە کاتێکدا لە ڕابردوودا بەشێک لەو لایەنانە نەک ھەر ئامادەی کۆبونەوە لەگەڵ پارتی و یه‌كێتی نەبوون، تەنانەت ئامادەی پێشوازی کردنیش نەبوون لێیان، بەڵام لە کۆتایدا ڕەنگە له‌و بڕوایە نزیك ببنه‌وه‌، كه‌ بە عینادیکردن ھەموو لایەک دەست بەتاڵ دەردەچن، بۆیە ئێستا ئەو لایەنانە دەرگایان بەڕووی یەکێتی و پارتیدا کردۆتەوە.

له‌مباره‌شه‌وه‌ مستەفا عەبدوڵا، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی جێبه‌جێكردنی یەکگرتوی ئیسلامی دەڵێت: ناکرێت تاسەر گفتوگۆ ڕەت بکرێتەوە، دووپاتیش ده‌كاته‌وه‌، ڕاستە خاوبونەوەیەک لە ھەڵوێستی لایەنەکاندا ھەیە، بەڵام پانتاییەکی فراوانی نیە.

یەکێک لەو لایەنە ناڕازیانەی کە بەردەوام گفتوگۆی بە بەشێک لە چارەسەر زانیوە، ھاوپەیمان بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌رییە و لەسەر ھەڵوێستەکانی پێشووی سورە و دەڵێت: ھەر گفتوگۆیەک دەکرێت دەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوڵاتیان بێت.

ئه‌ه‌ش دوای ئه‌وه‌ هاتووه‌، كه‌ لایەنە ناڕازییەکان ھەموو ڕێگایەکیان گرتە بەر بۆئەوەی ئەو دەنگانەی کە خۆیان دەڵێن  لێیان براوە بەدەستی بھێننەوە، بەڵام پاش تاقیکردنەوەی ھەموو ڕێگاکان دەنگەکانیان وەک خۆیان مانەوە، بۆیە دەیانەوێت بە دیدێکی نوێ و گوێگرتن لە یەکێتی و پارتی، ھەڵوێستی خۆیان لەسەر بڕیاری بایکۆت یان بەشداریکردن لە پڕۆسەی سیاسی عێراقدا ئاشکرا بکەن، چونکە لەڕابردوودا جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌، "یان دەنگەکانمان یان بایکۆتی پڕۆسەی سیاسی".

H.B