قۆناخەکانی سەرکەوتنی ئەسەد لە سووریا سات بە سات بزانە

چۆن ئەسەد توانی ببێتەوە حکومڕانی سووریا

K24 – هه‌ولێر:

لە ئازاری ساڵی 2011، سووریا یەکەم هەنگاوی بەرە جەنگی ناوخۆنا، دڵسۆزانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا، کەوتنە جەنگێکی خوێناوی لەگەڵ یاخیبوان و میلیشیا ئیسلامییەکان.

دوای حەوت ساڵ لە جەنگ، سوپاکەی ئەسەد نزیکە لە کۆنتڕۆڵکردنی شاری ئیدلب کە دواین پێگەی هێزە یاخیبوەکانە.

سکای نیوز، تەواوی چیرۆکی جەنگ و سەرکەوتنی ئەسەد دەکاتە هێلکارییەک و قۆناخەکانی گۆڕنکاری دەگێڕێتەوە.

ئازاری 2011

هێزەکانی سەر بە حکوومەت تەقەیان لە چەند خۆپیشاندەرێککرد و گیان لەدەستدان و برینداربوونی چەند خۆپیشاندەرێکی لێکەوتەوە، ئەمەش خۆپیشاندانەکانی "بەهاری عەرەبی" بەتەواوی بۆ سووریا گواستەوە و حکوومەت بەرەو لاوازی چوو.

تەمموزی 2011

هێزە یاخییەکان و بەشێک لە هەڵگەڕاوەکانی سوپای سووریا، سوپای ئازادیان دروستکرد کە ئامانج لێی لەناوبردن و دەرکردنی هێزەکانی ئەسەد بوو لە سووریا.

ئابی 2011

باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، دەیڤد کامیرۆن، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا، ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا، بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و خۆپیشاندانەکان، داوای دەستلەکارکێشانەوەی بەشار ئەسەدیان کرد.

شوباتی 2012

حکوومەتی سووریا دەستیکرد بە بۆردومانکردنی شاری حومس و سەدان کەس کوژران. ئەمەش بە تەواوی پێناسەی جەنگی ناوخۆی بەخشییە سووریا.

حوزەیرانی 2012

هێزەکانی حکوومەت، فڕۆکەیەکی جەنگی تورکییان خستەخوارەوە و تورکیاش هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کرد.

تەمموزی 2012

هێزەکانی سەر بە سوپای ئازادی سووریا، بینایەکی حکوومییان لە دیمەشق تەقاندەوە و بەهۆیەوە چوار بەرپرسی باڵای رژێمەکەی ئەسەد کوژران، کە هەریەک لە زڕبراکەی ئەسەد و وەزیری ناوخۆ لەنێو کوژراواندا بوون.

ئابی 2012

ئۆباما هۆشداریدایە حکوومەتی سووریا  و رایگەیاند: "بەکارهێنانی چەکی کیمیایی هێڵی سوورە و دەبێتە هۆی دەستێوەردانی ئەمەریکا".

نیسانی 2013

ئەبوبەکر بەغدادی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام دامەزراند کە لە ماوەی چەند مانگێکدا گەشەی زۆری کرد.

ئابی 2013

چەکی کیمیایی سەدان کەسی لە خۆتای رۆژهەڵاتی دیمەشق کوشت و نەتەوەیەکگرتووەکانیش پشتڕاستیکردەوە کە گازی سارین بەکارهاتووە بەڵام تۆمەتەکەیان نەخستە سەر بەشار ئەسەد.

حکوومەتی سووریا رێگای بە لێکۆڵەرەوانی نەتەوەیەکگرتووەکاندا کە چەکە کیمیایەکانی سوپا لەناوبەرن. ئەگەرچی ئەم هەنگاوە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی زۆرکەم کردەوە، بەڵام جۆرێک لە گەڕانەوەی بە بەشار ئەسەد بەخشی.

ئابی 2013

دەیڤد کامیرۆن شکستی هێنا لە قایلکردنی پەرلەمانی بەریتانیا بۆ دەستپێکردنی هێرشی ئاسمانی لە سووریا. چەند هەفتەیەک دوای ئەوە، ئۆباماش، شکستی هێنا لە وەرگرتنی مۆڵەتی کۆنگرێس بۆهەمان مەبەست.

کانوونی یەکەم 2013

گروپە ئیسلامییەکان چەند بنکەیەکی سەربازی سوپای ئازادی سووریایان کۆنتڕۆڵکرد، ئەمەش یارمەتی ئەمەریکا و بەریتانیای بۆ سوپای ئازاد وەستاند.

هەندێک پێیان وایە، ئەسەد دەستی لە هێرشی ئیسلامییەکان بۆسەر سوپای ئازاد هابووە چونکە بەمە متمانەی رۆژئاوا بە سوپاکە لاوازبوو

شوباتی 2014

ئێران پاڵپشتی بۆ ئەسەد راگەیاند و سەدان شارەزا و راوێژکاری سەربازی ناردە سووریا.

حزبوڵا کە لە 2013ەوە لە سووریا دەجەنگا، وەک هێزێکی نزیک لە ئێران لە چالاکییەکانی بەردەوام بوو.

حوزەیرانی 2014

دەوڵەتی ئیسلامی خەلافەتی ئیسلامی راگەیاند کە بەشێکی سووریا دەکەوتە سنوورەکانی، بەردەوامیشبوون لە جەنگیان لەگەڵ ئەسەد و هێزە یاخیبووەکان.

داعش بەهۆی بەکارهێنانی تووندوتیژی زۆر و کاری نامرۆڤانە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی هاتە دەنگ.

ئەیلوولی 2014

ئەمەریکا، بەحرەین، سعوودیە، ئوردن و قەتەر دەستیانکرد بە بۆردومانی پێگەکانی داعش.

کانوونی دووەمی 2015

هێزە کوردییەکان داعشیان لە شاری کۆبانێ وەدەرنا، دواتر ئەمەریکا چەکی بۆ هێزە کوردییەکان نارد وە وەکو کاریگەرترین هێزی دژە داعش تەماشا دەکران.

ئازاری 2015

سوپای فەتح بە یارمەتی بەرەی نوسڕە باکووری رۆژئاوای شاری ئیدلبیان کۆنتڕۆڵکرد.

ئایاری 2015

چەکدارانی داعش شاری دێرینی تەدموور(پالمیرا)ی کۆنتڕۆڵکرد و چەندین مۆنۆمێنت و شوێنەرواری دێرینی لەناوبرد.

ئەیلوولی 2015

رووسیا وەک هاوپەیمانی ئەسەد یەکەم هێرشی ئاسمانی لە سووریا ئەنجامدا.

مۆسکۆ دەیگووت ئەوان ئامانجیان داعشە، بەڵام لەلایەن رۆژئاواوە بەوە تۆمەتبار دەکرا کە چەکدارە یاخیبووەکانیش دەکاتە ئامانج.

ئەمەش زۆر ئاراستەی جەنگی ناوخۆی سووریا گۆڕی.

کانوونی یەکەم 2015

حکوومەتی سووریا دوای چوار ساڵ لە جەنگ شاری حومسی کۆنتڕۆڵکردەوە.

ئازاری 2016

حکوومەتی سووریا بە یارمەتی فرۆکە جەنگییەکانی رووسیا، داعشیان لە شاری پالمیرا وەدەرنا، دوای چەند مانگێک داعش جارێکی دیکە گەڕایەوە شارەکە، بەڵام لە کۆتایی ساڵی 2017، سوپاکەی ئەسەد بوونەوە حاکمی ئەو شارە دێرینەی سووریا.

کانوونی یەکەمی 2016

سوپای سووریا بە یارمەتی ئێران و رووسیا شاری حەلەبی کۆنتڕۆڵکردەوە. بەمەش هێزە یاخییەکان، گەورەترین پێگەی خۆیان دۆڕاند.

نیسانی 2017

سوپاکەی ئەسەد بە گازی قەدەخەکراو 58 کەسی لە شارۆچکەی خان شەیخون کوشت، بەهۆیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، مووشەکی ئاراستەی چەند پێگەیەکی سەربازی سوپای سووریا کرد.

تشرینی یەکەمی 2017

هێزەکانی هەسەدە بە یارمەتی ئەمەریکا، داعشیان لە شاری رەقە وەدەرنا، بەمەش داعش پایتەختەکەی لە سووریا لەدەستدا.

چەند مانگی داهاتوو، داعش لە دیر ئەلزووریش کرایە دەرەوە.

کانوونی یەکەم 2017

ڤلادمیر پوتن سەرکەوتنی وڵاتەکەی بەسەر داعشدا لە سووریا راگەیاند و بەشێک لە سووپاکەی گەڕاندەوە.

شووباتی 2018

بە یارمەتی رووسیا، ئەسەد هێرشی بۆسەر دواین پێگەی چەکدارە یاخییەکان لە شاری خوتای دیمەشق ئەنجامدا و دوای شەڕێکی دژوار توانیان سەربکەون.

نیسانی 2018

زیاد لە 70 کەس لە هێرشێکی کیمیایی بۆسەر شاری دۆوما کوژران و برینداربوون.

ئەمەریکا، بەریتانیا و فەرەنسا لە وەڵامی ئەو هێرشە کیمیاییە، هێرشیانکردە سەر چەند پێگەیەکی ئەسەد لە سووریا.

ئابی 2018

حکوومەتی سووریا دەستیکرد بە بۆردومانکردنی ئیدلب کە دواین لانەی چەکدارە یاخییەکانە.

H.J