ئیتالیا هەڕەشەی گەڕاندنەوەی چەند پەنابەرێک دەکات

"ئەوروپا یارمەتیمان نەدات ئەو پەنابەرانە دەگەڕێنینەوە شوێنی خۆیان"

K24 – هه‌ولێر:

ماتیۆ سالڤینی، وەزیری ناوخۆی ئیتالیا، هەڕەشەی گەڕاندنەوەی 177 پەنابەری رزگارکراو بۆ لیبیا دەکات، ئەگەر وڵاتانی دیکەی ئەوروپا یارمەتی ئیتالیا نەدەن لە چارەسەرکردنی کێشەکانی پەنابەران.

سالڤینی لەبارەی کێشەی ئەو کەشتییەی 177 پەنابەری تێدایە و لەلایەن پاسەوانی سنووری دەریایی ئیتالیاوە چەند رۆژێکە دەستی بەسەردا گیراوە، ئەمڕۆ یەکشەممە گووتی: "دەبێت ئەوروپا بە جدی یارمەتی ئیتالیا بدات لەبارەی یاساکانی پەنابەران بەو 177 پەنابەرەوە کە ئێستا بوونەتە کێشە".

وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا دەشڵێت: "ئەگەر یارمەتیمان نەدرێت، ناچار دەبین ئەو 177 پەنابەرە بۆ شوێنی خۆیان بگەڕێنینەوە".

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی سکای نیوز، ئیتالیا چیدی نایەوێت پەنابەران وەربگرێت و تەنانەت ئەوانیشی خۆیان دەگەینە ئەو وڵاتە دووچاری ئاستەنگی زۆر دەکرێنەوە.

سوپای دەریاوانی ئیتالیا پێشتر ئەو کەشتییەی رزگاکردبوو، بەڵام حکوومەتی ئیتالیا رەتیدەکاتەوە رێگایان پێبدات بچنە ناو خاکی ئیتاڵیا تاکو ئەوەی یەکێتی ئەوروپا چارەسەر بۆ ئەو جۆرە کێشانە دەدۆزێتەوە.

بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، نابێت پەنابەران بۆ وڵاتی خۆیان دیپۆرت بکرێنەوە ئەگەر لەو وڵاتەکانیان مەترسی لەسەر ژیانیان هەبێت، ئەگەر ئیتالیا بەو کارە هەڵبستێت ئەوا ئەو یاسا نێودەوڵەتییە دەشکێنێت.

H.J