ئێران لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی پەشیمانە

"دەبوو بزانین ئەمەریکا جێی بڕوانییە"

K24 – هه‌ولێر:

جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، پەشیمانی وڵاتەکەی لە واژۆکردنی رێککەوتننامەی ئەتۆمی نیشان دەدات و دەشڵێت، ئەو هەڵەبووە کە باوەڕی بە ئەمەریکا کردووە.

لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن، جەواد زەریف رایگەیاند کە ئەمەریکا "نەخۆشە و ئاڵوودەی سزای دارایی بووە".

دەشڵێت: "تەنانەت لەسەردەمی ئۆباماش، ئەمەریکا فشاری دەکرد کە سزاکانی سەر ئێران بمێنێتەوە".

زەریف پێیوایە کە ئەوان هەڵەیانکردووە بڕوایان بە ئەمەریکا کردووە و روونیدەکاتەوە: "ئەوە رەنگە هەڵەیەک بووبێت، بەڵام کێشەکە ئەوە بوو ئێمە واماندەزانی ئەمەریکا فێربووە کە سزاکان تەنها بارودۆخی ئابووری سەخت دروست دەکەن، بەڵام ئەو بەرهەمە سیاسییەی نابێت کە ئەمەریکا دەیەوێت هەیبێت. وامزانی ئەمەریکا فێری ئەوە بووە، بەڵام بە داخەوە من هەڵەبووم".

ئەمەریکا بەشی یەکەمی سزاکانی بۆ سەر ئێران گەڕاندۆتەوە و بڕیاریشە تشرینی دووەمی ئەمساڵ، بەشی دووەمی سزاکان بەسەر ئێراندا بسەپێنێت ئەگەر بێتو تاران دەست لە سیاسەتی دەستێوەردان لە وڵاتانی دیکە هەڵنەگرێت.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمەریکا، لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران کشایەوە و داواش لە تەواوی هاوپەیمانەکانی دەکات پابەندی سزا نوێکانی سەر ئێران بن.

H.J