ئەردۆغان: هێرشکردنە سەر تورکیا هاوشێوەی هێرشکردنە سەر بانگی مزگەوتەکانە
K24 – ههولێر:
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هێرشکردنە سەر ئابووری تورکیا بە هێرشکردنە سەر "ئاڵای نەتەوەیی و بانگدان (بانگدانی مزگەوتەکان)" دەزانێت.
بەگوێرەی هەواڵێکی سپۆتنیکی رووسی، ئەمڕۆ دووشەممە، ئەردۆغان لەبارەی سزا ئابوورییەکانی سەر تورکیا لەلایەن ئەمەریکاوە گوتویەتی: "ئەوانەی دەیانەوێت لە رێگای ئاڵوگۆڕی دارایی چۆک بە تورکیا دادەن، زوو تێدەگەن کە ئەوان هەڵەن".
ئەردۆغان دەشڵێت: "هێرشکردنە سەر ئابووری تورکیا جیاوازی نییە لە هێرشکردنە سەر ئاڵای تورکیا و بانگدانی مزگەوتەکان".
سەرۆکی تورکیا پێشی وایە خەڵکی تورکیا دەتوانن بەسەر تەواوی کۆسپەکاندا زاڵببن و ئەو قۆناخە تێپەڕێنن.
بەهۆی زیندانیکردنی قەشەیەکی ئەمەریکی لەلایەن تورکیاوە، پەیوەندی نێوان واشنتن و ئەنقەرە روو لەهەڵدێرە و ئەمەریکا چەند سزایەکی بەسەر تورکیادا سەپاندووە کە بوونەتە هۆکاری دابەزینی بەرچاوی بەهای لیرەی تورکی.
H.J