حاجیانی ماڵی خوا روكنه گه‌وره‌كه‌ی حه‌ج جێبه‌جێ ده‌كه‌ن
K24 - هه‌ولێر:
له سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 20/8/2018ـه‌وه حاجیانی ماڵی خوا گه‌یشتوونه‌ته كێوی عه‌ره‌فه دوای ئه‌وه‌ی رۆژێكیان له مینا برده‌سه‌ر و خۆیان بۆ جێبه‌جێكردنی روكنه گه‌وره‌كه‌ی حه‌ج ئاماده‌كرد و له كێوی عه‌ره‌فه‌ش گوێبیستی وتاری رۆژی عه‌ره‌فه ده‌بن. هه‌روه‌ها نوێژی نیوه‌ڕۆ و عه‌سر به "قه‌سر و جه‌مع" ده‌كه‌ن و پێش ئه‌وه‌ی رۆژ ئاوابێت ده‌گه‌ڕێنه‌وه موزده‌لیفه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی سعوودیه رایانگه‌یاندووه: "پلانه‌كه‌یان سه‌ركه‌وتوو بووه بۆ گه‌یشتنی حاجیان به مینا، هه‌روه‌ها ئه‌و پلانه‌ی بۆ گواستنه‌وه‌ی حاجیان بۆ كێوی عه‌ره‌فه دانراوه‌و به رێگای هه‌زاران پاس كه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ته‌رخانكراون".
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ته‌ندرووستی سعوودیه، 4 نه‌خۆشخانه و 46 ناوه‌ندی ته‌ندرووستی و سه‌دان تیمی پزیشكی به‌هه‌موو جۆره پسپۆڕییه‌كانی ئاماده‌ی هاوكاریكردنی حاجیانن.
له‌گه‌ڵ چوونی حاجیان بۆ كێوی عه‌ره‌فه، ده‌زگای به‌رگری شارستانی له تویته‌ره‌وه هۆشداری داوه‌ته حاجیان كه بارانبارین لافاوی له ناوچه‌كانی مه‌ككه درووستكردووه به عه‌ره‌فه و مینا و موزده‌لیفه و به‌شه‌كانی ده‌وروبه‌ریشییه‌وه.
هه‌روه‌ها ده‌سته‌ی گشتی كه‌شناسی و چاودێریی ژینگه‌ی سعوودیه هۆشداریی داوه‌ته حاجیان كه به‌هۆی بوونی بای به‌ھێز له‌سه‌ر به‌رزاییه‌كانی كێوی عه‌ره‌فه دانه‌نیشن.
حه‌ج روكنی پێنجه‌می ئیسلامه و له‌سه‌ر هه‌موو موسڵمانێك واجبه له ته‌مه‌نیدا جارێك ئه‌و روكنه‌ی ئیسلام به‌جێبهێنێت، ئه‌وه‌ش به گوێره‌ی چه‌ند مه‌رجێك كه بۆی دانراوه، له سه‌رووی هه‌مووشیان بوونی توانای دارایی و ماددیه.