حکوومەتی عێراق داوا لە واشنتن دەکات رێگەی تارانی لێنەگرێت

عەبادی پەشیمانە و دەیەوێت دڵی ئێران بەدەستبهێنێتەوە

K24 – هه‌ولێر:

حکوومەت و بانکی ناوەندی عێراق بەهۆی زۆری و نزیکی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران، داوا لە واشنتن دەکات رێگەی بدات سزاکان فەرامۆشبکات و لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران بەردەوامبێت.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، چەند بەرپرسێکی عێراق بۆ قایلکردنی واشنتن دەچنە ئەمەریکا و لە نزیکەوە داوا دەکەن، سزا ئابوورییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و تاران نەبێت.

پێشتر حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رایگەیاندبوو کە ئەوان رێز لە سزاکانی ئەمەریکا بۆسەر ئێران دەگرن، بەڵام بەهۆی نزیکبوونەوەی لە لەدەستدانی پۆستەکەی وەک سەرۆک وەزیران، عەبادی دەیەوێت جارێکی دیکە دڵی ئێرانییەکان بەدەستبهێنێتەوە کە فشاری زۆریان بۆ دروستکردووە.

لایخۆیەوە حکوومەتی ئەمەریکا سوورە لەسەر ئەوەی سزای ئەو وڵاتانە بدات کە بێ گوێدانە سزاکانی سەر ئێران، مامەڵە لەگەڵ تاراندا دەکەن.

بە گووتەی بەرپرسانی عێراق، قەبارەی بازرگانی نێوان عێراق و ئێران هێند زیادیکردووە، ئەگەربێت و ئەو پەیوەندییە بپچرێت ئەوا عێراق دووچاری قەیرانی دارایی دەبێتەوە.

تەنها گرێبەستەکانی بواری وزە لە نێوان هەردوو دراوسێدا لە ساڵی پاردا، بڕی 12 ملیار دۆلاربووە.

عێراق ئێستا لە دووڕیانێکە کە بەهەرکاملایدا بڕوات، زیانی پێدەگات. گەربێتو لە نێوان تاران و واشنتن یەکێکیان هەڵبژێرێت، ئەوا دووچاری ناسەقامگیری و قەیرانی دارایی دەبێتەوە بەتایبەت کە لە ئێستادا پرسی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق لە نێوان واشنتن و تاران بۆتە گەمەیەکی سیاسی و رکابەرییەکان تادێن زیاد دەکەن.

H.J