بۆڵتن: توركیا ھەڵەیەكی گەورەی كرد

"تا ئێران و داعش هەبن لە سووریا دەمێنینەوە"

K24 – هه‌ولێر:

جۆن بۆڵتن،

راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مەریكا رایگەیاند، یارمەتییە داراییەکانی قەتەر کاریگەری لەسەر ئابووری تورکیا نابێت، بەڵکو تەنها ئازادکردنی قەشە ئەمەریکییەکە تەنگەژەکان کۆتایی پێدێنێت.

دەستگیرکردنی قەشە برونسۆن بەتۆمەتی بەشداری لە کودەتاکەی ساڵی 2016 تورکیا، سزای ئابووری بۆ تورکیا لەلایەن ئەمەریکاوە هێناوە.

لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەوڵی رۆیتەرز، بۆڵتن پێیوایە: "حکوومەتی تورکیا هەڵەیەکی گەورەیی کرد بە ئازادنەکردنی قەشە برونسۆن بەبێ مەرج".

راوێژکارەکەی ئەمەریكا دەشڵێت: "هەموو رۆژێک ئەو هەڵەیە دووبارە دەبێتەوە، دەکرێت تەنگەژەکان راستەوخۆ کۆتاییان پێبێت گەر تورکیا قەشەکە بەبێ مەرج ئازادبکات".

بۆ یارمەتیدانی ئابووری تورکیا، قەتەر پاکێجێکی ئابووری راگەیاند کە بەهۆیەوە بە 15 ملیار دۆلار پشتگیری ئەنقەرە دەکات کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی بەهای لیرەبوو، بەڵام بۆڵتن دەڵێت ئەو هەوڵەی قەتەر سوودی نابێت و "بەشی ئەوە ناکات کاریگەری ئابووری دروستبکات".

سەبارەت بە مانەوەی هێزەکانی ئەمەرکا لە سووریا بۆڵتن ئاشکرایکردووە، هێزه‌كانیان له‌ سووریا ده‌مێننه‌وه‌ تاوەکو ئێران و داعش له‌و وڵاته‌ هه‌بن.

H.J