كورد و سوننه‌ چاوه‌ڕوانی جه‌مسه‌ره‌كانی شیعه‌ن

"هه‌ر لایه‌كیان داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن هاوپه‌یمانێتییان له‌گه‌ڵدا ده‌به‌ستن"

K24 - هه‌ولێر:

ھەردوو جەمسەرەكەی شیعە بەردەوامن لە كێبڕكێكردن لەسەر كۆكردنەوە و رێكەوتن لەگەڵ ھاوپەیمانێتی و لایەنە سیاسییەكان، بۆ پێكھێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی و دواجار پێكھێنانی حكومەتی نوێی عێراق.

كورد و سوننەش چاوەڕێ دەكەن، كام لەم دوو جەمسەرەی شیعەكان داواكارییەكانیان جێبەجێبكەن، لەسەر پێكھێنانی حكومەتی داھاتوو لەگەڵیان رێكدەكەون.

ھەردوو جەمسەرەكەی شیعە بەردەوامن لە پێشبڕكێی كۆكردنەوەی زۆرترین ژمارەی پەرلەمانتاران لە ھاوپەیمانێتی و لایەنە جیاجیاكان، تاكو لەنزیكترین دەرفەتدا، گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی رابگەیەنن.

لەم چوارچێوەیەدا سەعد مەتڵەبی ئەندامی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات، ئاشكرایكرد: "جگە لە ھاوپەیمانی فەتح، دەوڵەتی یاسا رێكەوتنی فەرمی لەگەڵ ھیچكام لە ھاوپەیمانێتییەكانی دیكە نییە".

مەتڵەبی گوتیشی، گفتوگۆ لەگەڵ زیاتر لە 200 پەرلەمانتاری سەركەوتوو بۆ پێكھێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی كراوە، بەڵام رەتیكردەوە ھیچ رێكەوتنێكی فەرمی بۆ پێكھێنانی ھاوپەیمانێتییه‌كه‌ ھەبێت.

لەبەرامبەریشدا ھاوپەیمانی سائروون، كرانەوەی خۆی بەرووی ھاوپەیمانێتییەكانی دیكەدا بە دەوڵەتی یاساشەوە دووپاتكردەوە و لەمبارەیەوە، رائد فەھمی سەركردە لە ھاوپەیمانی سائرون، كە موقتەدا سەدر سەرپەرشتی دەكات، رایگەیاند: "ھاوپەیمانێتییەكەیان دەرگای گفتوگۆكانی بەرووی سەرجەم ھاوپەیمانێتی و لایەنەكانی دیكەدا كراوەیە، بە دەوڵەتی یاسای نوری مالیكیشەوە".

فەھمی گوتی: "بڕوامان بەحكومەتێكی نیشتمانی و تەكنۆكرات ھەیە، به‌ڵام ھیچ گفتوگۆیەكی راستەوخۆ لەگەڵ دەوڵەتی یاسا ئەنجام نه‌دراوه‌".

تاكو ئێستاش كورد و سوننە چاوەڕێ دەكەن، كام لەم دوو جەمسەرەی شیعەكان داواكارییەكانیان جێبەجێبكەن، لەسەر پێكھێنانی حكومەتی داھاتوو لەگەڵیان رێكدەكەون.