كوده‌تا به‌سه‌ر "پاڵه‌وانانی" ئه‌ردۆغاندا ده‌كرێت

K24 - هه‌ولێر:
هه‌ر چه‌نده هێشتا هه‌وڵی كوده‌تا شكستخورادووه‌كه‌ی ساڵی 2016ـی توركیا به نادیاری ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا زۆر بووه‌ته مایه‌ی پرسیار، وه‌لاوه‌نانی ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌و ئه‌فسه‌ر و جه‌نه‌راڵانه‌ی سوپای توركیایه كه پاش ئه‌وه‌ی وه‌ك "پاڵه‌وان"ـی ریگه‌گرتن له كوده‌تاكه ناوبران، له سوپا دوورخراونه‌ته‌وه.
راپۆرتی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی په‌رله‌مانی توركیا و دادگاكانی ئه‌و وڵاته‌ش كه سه‌دان ئه‌فسه‌ر و جه‌نه‌راڵی گرته‌وه و تۆمه‌تی به‌شداریكردنیان له كوده‌تاكه درایه پاڵ ئه‌و نهێنییه‌یان ئاشكرا نه‌كردووه كه ئه‌و شه‌وه له توركیا چی روویداوه و هێشتا شانه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی پلانیان بۆ كوده‌تاكه داڕشت ئاشكرا نه‌كراون. ته‌نانه‌ت هیچ به‌ڵگه و نووسراوێك له به‌رده‌ست نییه نه‌خشه‌ی كوده‌تاكه روونبكاته‌وه.
له به‌رامبه‌ردا ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا هه‌ندێك له‌و كه‌سانه‌یان تۆمه‌تباركردووه كه به روونی به‌شدارییان له پاراستنی "سیستمی دیموكراسی" كردووه‌و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیایان له‌و هه‌وڵه رزگار كرد. كه‌چی ئێستا ده‌گوترێت ئه‌وانه سۆزیان بۆ كوده‌تاچییه‌كان هه‌بووه. دوایین كه‌س بووه به ته‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیاوه، ئه‌و فڕۆكه‌وانه‌یه كه شه‌وی كوده‌تاكه فڕۆكه‌كه‌ی ئه‌ردۆغانی له مه‌رمه‌ریسه‌وه هێنایه‌وه بۆ ئیستانبوڵ و رۆژنامه و میدیاكانی سه‌ر به حكوومه‌تی توركیاش به "پاڵه‌وان و ئازا" ناویانبرد.
مویسیر یێڵدز، رۆژنامه‌وانی تورك له راپۆرتێكدا كه له پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی Odatv بڵاوكراوه‌ته‌وه، نموونه‌ی زۆری ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی باسكردووه كه له شكستپێهێنانی كوده‌تاكه‌دا به‌شدارییان كردووه و ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا دانیان به ئازایه‌تی ئه‌وانه‌دا ناوه، به‌ڵام دوای ئه‌وه له سوپای توركیا ده‌ركراون.
له‌ناو ئه‌وانه‌دا بوراك ئاكن، ئه‌فسه‌ر و یه‌كێك له پاسه‌وانه‌كانی فه‌رمانده‌ی هێزی زه‌مینی توركیایه، ئه‌و رووبه‌ڕووی ته‌قه و شه‌ڕ بوویه‌وه له‌و كاته‌ی به‌رگری له فه‌رمانده‌ی هێزی زه‌مینی وڵاته‌كه‌ی كرد و كاتێك كوده‌تاچییه‌كان هه‌وڵیاندا بیڕفێنن یان بیكوژن.
ته‌نانه‌ت چه‌ندین وه‌زیر له ماڵه‌كه‌یدا سه‌ردانی "ئاكن"ـیان كردووه و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان میدالیای ئازایه‌تی پێبه‌خشیووه له‌سه‌ر پاڵه‌وانێتییه‌كانی ئه‌و شه‌وه‌ی، به‌ڵام بوراك تووشی شۆك بووه كاتێك له‌ناكاو فه‌رمانی ده‌ركردنی له سوپا پێ راگه‌یێنراوه و حكوومه‌تی پێشوو فه‌رمانه‌كه‌ی بۆ ده‌ركردووه، ئه‌وه‌یش پێش چه‌ند رۆژێك بووه له بڕیاری هه‌ڵگرتنی باری نائاسایی له توركیا، بێ ئه‌وه‌ی هیچ هۆكارێك بۆ ئه‌و دوورخستنه‌وه‌یه‌ی رابگه‌یێنرێ".
نموونه‌یه‌كی دیكه له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌ریك روویداوه كه نازناوه‌كه‌ی "عه‌بدوڵڵا" بووه‌و وه‌ك شایه‌تحاڵی نهێنی چه‌ندین دۆسێی په‌یوه‌ست به‌و كوده‌تایه كاری كردووه، شایه‌تی له‌سه‌ر زۆر كه‌س داوه كه سۆزیان بۆ فه‌تحوڵلا گوله‌ن هه‌یه كه حكوومه‌ت به هه‌وڵی كوده‌تا شكستخواردووه‌كه تۆمه‌تباریان ده‌كات.
ئه‌و "پاڵه‌وانه"ـش كه دژی رێكخراوه‌كه‌ی گوله‌ن ده‌جه‌نگا و ده‌یان كه‌سی له‌ناو سوپا ئاشكرا كرد، له ناكاو ده‌ركرا و كه‌وته به‌ر فه‌رمانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی شورای سه‌ربازی وڵات.
نموونه‌ی دیكه زۆرن و هه‌موویان بوونه‌ته جێگه‌ی پرسیار كه چی وایكردووه ئه‌و كه‌سانه دووربخرێنه‌وه كه له‌و رۆژه سه‌خته‌دا هاوكاریی حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌یان كردووه‌و نه‌یارانی ئه‌ردۆغانیان ئاشكرا كردووه كه له‌ناو ریزه‌كانی سوپادا خۆیان حه‌شاردابوو، یان به‌هێزه‌وه به‌ره‌نگاری هه‌وڵی كوده‌تاكه بوونه‌وه؟.
ته‌نانه‌ت خه‌ڵكانی شاره‌زایان تێدایه كه په‌نایان بۆ بردوون راپۆرت له‌باره‌ی پرسه هه‌ستیاره‌كان بنووسن و به رێگای ئه‌و راپۆرتانه تۆمه‌تی سه‌ر "هاوسۆزه‌كانی" گوله‌ن ساغبكه‌نه‌وه، به‌ڵام ئه‌وانه‌یشیان له‌ناكاو ده‌ركردووه‌و دوورخراونه‌ته‌وه له سوپا و ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان تۆمه‌تی ئه‌وه‌یان دراوه‌ته پاڵ كه خۆیان هاوسۆزی فه‌تحوڵلا گوله‌نن، هه‌ر چه‌نده به‌هۆی راپۆرته‌كانی ئه‌وانه‌وه ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌فسه‌رانی سوپای سزادراون، هه‌ر بۆیه ئێستا پرسیاری زۆر ده‌كرێت و خه‌ڵكی ده‌ڵێن: "ئایا پێویست به‌وه ناكات دادگاییكردنه‌كان دووباره بكرێنه‌وه؟".