لە دەڤەری راپەڕین کچێك بە پەت خۆی خنكاند

زانیاری لە زاری كەسوكاری كچەكە بڵاودەكرێتەوە

K24 - رانیە

كچێكی دانیشتووی دەڤەری راپەڕین بە پەت خۆی ھەڵواسیووە و گیانی لەدەستداوە.

لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین ئاشكرای كرد: "كاتژمێر 1ی شەوی رابردوو تەرمی كچێكی تەمەن 22 ساڵ بەناوی (ج.ج) گەیەندرایە پزیشکی دادوەری رانیە کەشوێنەواری برینی هەڵواسین بە ملیەوە هەبوو. دوای ئەنجامدانی توێکاری پزیشکی بۆ تەرمەکەی رادەستی کەسوکاری کرایەوە".

لەو راگەیەندراوە ئەوەش روونكراوەتەوە: "کچەکە دانیشتووی ناحییەی حاجیاوای سەر بە قەزای رانیەیە و پیشەی کچی ماڵە، بە وتەی کەسوکاری لەماڵەکەی خۆیان بە پەت خۆی هەڵواسیووە و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە".

پۆلیسی راپەڕین راشیگەیاند: "مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کرایەوە و لەسەر رووداوەکە کەس دەستگیرنەکراوە. بۆزانینی هۆکاری رووداوەکە لێکۆڵینەوه لە رووداوەکە بەردەوامە".

 ھ.م