سێ چەکداری حەشدی شەعبی لە شنگال سوتان
زانیاری لەبارەی رووداوەكە ئاشكرا دەكرێت
K24 - شنگال
ئۆتۆمبێلێكی حەشدی شەعبی لە شنگال ئاگری گرت و سێ چەكدار لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا سوتان و دوو لە چەكدارەكان گیانیان لەدەستدا.
ماهیر شنگالی، پەیامنێری کوردستان24 لە شنگال رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە رووداوێکدا لە نزیک سەنتەری قەزای شنگال، ئتۆمبێلێكی حەشدی شەعبی، کە لە نێو کاروانی ئۆتۆمبێلەكانی حەشدا بوو و تەلەعفەرەوە بەرەو شنگال دەهات، ئاگری گەت و لە ئەنجامدا دوو چەکدار گیانیان لە دەستدا و یەکێکی دیكەش برینداربوو".
فەهد حامد، قایمقامی سەپێندراوی شنگال، بە کوردستان24 گوت: "پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەیانی 25/8/2018، لەسەر رێگای هێڵی 47 کە عێراق و سووریا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لەکاتی ئەرکدا ئۆتۆمبێلێكی ھێزەكانی حەشدی شەعبی ئاگری گرت و سێ چەکدار بە سەختی بریندار بوون، دوو لەو چەكدارانە گیانیان لەدەستدا و تەرمەکانیان رەوانەی تەلەعفەر کران، بریندارەکەش بۆ نەخۆشخانەی سەربازی حەشد لە گوندی ئەلوەردیە گوازرایەوە".
ئەمە لەكاتێكدایە چەند رۆژێك لەمەوبەر، هێزەکان حەشدی شەعبی وەکو هێزێکی شەڕکەر لە دەڤەری شنگال کشانەوە، بەڵام زۆرجار جۆڵەیان پێدەکرێت و لە بەعاج و تەلەعفەرەوە بەرەو شنگال دێن.
ھ.م