جبووری: هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار گونجاوه‌

"ده‌توانێت پۆسته‌كه‌ له‌و دۆخه‌ چه‌قبه‌ستووییه‌ ده‌رباز بكات"

K24 - هه‌ولێر:

مه‌شعان جبووری، ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، هۆشیار زێباری، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، كه‌سێكی شیاوه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق.

مه‌شعان جبووری، له‌ ئه‌كاونتی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر نووسیویه‌تی: "هه‌مووان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار بۆ كورده‌، ئێستاش سه‌رقاڵی دیاریكردنی كاندیدانی خۆیانن" و ده‌شڵێت: "بۆ ئه‌و پۆسته‌ هۆشیار زێباری، به‌ شیاو ده‌زانم".

جبووری ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، هۆشیار زێباری، كه‌ پێشتر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و وه‌زیری دارایی عێراق بووه‌، ده‌توانێت ئه‌و پۆسته‌ له‌و دۆخه‌ چه‌قبه‌ستوویی و متبوونه‌ ده‌رباز بكات و ده‌ڵێت: "له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باشی هه‌یه‌".

هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌وه‌ یه‌كلابووه‌ته‌ كه‌ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار بۆ كورده‌، به‌ڵام تا ئێستا له‌ ناو كورد دیار نییه‌ پۆسته‌كه‌ بۆ یه‌كێتی یان پارتی ده‌بێت، چه‌ند به‌رپرسێكی پارتیش پێشتر رایانگه‌یاندووه‌، مه‌رج نییه‌ پۆسته‌كه‌ ببێته‌وه‌ هی یه‌كێتی، كه‌ له‌ دوای 2003ه‌وه‌ پشكی ئه‌و حزبه‌ بووه‌، به‌ڵام تا ئێستاش هیچ لایه‌نێك پاڵێوراوی خۆی بۆ ئه‌و پۆسته‌ دیاری نه‌كرووه‌.

ا. م