لۆپیتیغی: پێویسته‌ به‌ سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانی ریال مه‌درید قه‌ره‌بوووی رۆیشتنی كریستیانۆ بكه‌نه‌وه‌

لۆپیتیغی: پێویستە سەرجەم یاریزانەکان قەرەبووی ئەو 50 گۆڵە بکەنەوە کە کریستیانۆ تۆماری دەکرد

ریال مەدرید پێش ئەوەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی جیرۆنا بچێتە کەتەلۆنیا، لە ڤالدیبێباس دوایین ئامادەکاریی بۆ دووەم یاریی خۆی لەم وەرزەی لالیگا ئەنجام دا.

دوای چاکبوونەوەی لە پێکانەکەی خیسۆس ڤاییخۆ بە تەنیا دەستی بە راهێنانەکان کردەوە، بەڵام هێشتا بە تەواوەتی بۆ یاریکردن ئامادە نییە.

هێشتا جولیان لۆپیتێغی لە نێوان یاریکردن بە ناڤاس یان کۆرتوا و دەستنیشانکردنی ڤینیسیۆس یان ناردنەوەی بۆ تیپی دووەمی یانەکەی خۆی یەکلا نەکردووەتەوە.

جولیان لۆپیتێغی، راهێنەری ریال مەدرید ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌ پرێس كۆنفرانسێك له‌ باره‌ی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی ده‌ڵێت: (ڤینیسیۆس جۆنیۆر یاریزانێکی یانەکەمانە، ئەو بەشێکە لە یانەکە و لەگەڵ ئێمە راهێنان دەکات، بەڵام لەوانەیە بانگهێشتی تیپی یەکەم بکرێت یانیش یاریی بۆ تیپی کاستیا بکات، پێویستە کاتی پێبدەین بۆ ئەوەی بە تەواوەتی گەشە بکات، هێشتا لەبارەی گۆڵپارێزی یانەکەمان بەرچاومان روون نییە، دەزانم سبەی کامەیان وەکو گۆڵپارێزی یەکەم یاریی دەکات، بەڵام ئاشکرای ناکەم، بەڵام کاتێک یارییەکانی چامپیۆنزلیگ دەستیپێکرد دۆخەکە دەگۆڕێت).

لۆپیتیغی ده‌شڵێـت: ریال مه‌درید بە ترسەوە رووبەڕووی جیرۆنا دەبێتەوە، چونکە وەرزی رابردوو لە قۆناخی یەکەمی لالیگا کاتێک ریال مەدرید لە کەتەلۆنیا بووە میونای جیرۆنا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک تووشی شکست بوو، بەڵام لۆپیتێخی دەیەوێت دووەم بردنەوەی لەسەر یەک لە لالیگا بەدەست بهێنێت و زیدان و کریستیانۆ لەبیری هاندەرانی ریال بباتەوە.

جولیان لۆپیتێغی: پێویستە سەرجەم یاریزانەکان قەرەبووی ئەو 50 گۆڵە بکەنەوە کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەموو وەرزێک تۆماری دەکرد، ئەمە تەنیا ئەرکی سەرشانی یاریزانێک نییە، لالیگا بۆ ئێمە دەستیپێکردووە و ئێمە وەکو یاریی کۆتایی مامەڵە لەگەڵ سەرجەم یارییەکان دەکەین، زۆر بەلامانەوە گرنگ نییە ئایا زۆرترین کات کۆنتڕۆڵی تۆپ دەکەین یاخود نا، گرنگ ئەوەیە ببەینەوە.

لۆپیتیغی: هاندەرانی ریال مەدرید گومانیان لە توانای هێڵی هێرشبردنی یانەکەیانە و چاوەڕێ دەکەن بەرامبەر جیرۆنا توانای هێرشبەرەکانی یانەکەیان بە تەواوەتی دەربکەوێط بۆ ئەوەی پێش داخرانی دەرگای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان بتوانن هێرشبەرێک بکڕن.

یانه‌ی ریال مه‌درید سبه‌ی یه‌كشه‌ممه‌ دووه‌مین یاری خۆی له‌ لالیگا ده‌كات و رووده‌كاته‌ بارسێلۆنا و ده‌بێته‌ میوانی یانه‌ی جیرۆنا، یارییه‌كه‌ش له‌ كاتژمێر 11:15ـی خوله‌كی شه‌و به‌ كاتی هه‌ولێر ده‌كرێت.