"پێناچێت پۆستی سه‌رۆك كۆمار بە ئاسانی بدرێتەوە یەكێتی"

یه‌كێتى: پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردە لەناو كوردیش هة یەكێتیيه‌
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق تا ئێستا لەلایەن پارتی و یەكێتییەوە یەكلا نەكراوەتەوە، پارتی دەڵێ ھێشتا لەگەڵ یەكێتی ئەو باسەمان نەكردووەتەوە، بەڵام بە گوێره‌ی ئیستحقاقی ھەڵبژاردن  ئەو پۆستە بە ھی خۆی دەزانێت.

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتیش دەڵێت: "راستە پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردە، بەڵام لەناو كوردیش پشكی یەكێتی نیشتمای كوردستانە". له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ بڕیاره‌ پارتی و یه‌كێتی له‌م هه‌فته‌یه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كان كۆببنه‌وه‌.

لە دوای درووستبوونی عێراقی نوێ، پۆستی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە وەك بەشی كورد دیاریكراوە، لەو كاتەوە سەرۆك كۆماری عێراق كوردە و لەنێو كوردیشدا یەكێتییە، بەڵام ئیدی پێناچێ ئەم پۆستە وا بە ئاسانی بە یەكێتی بدرێتەوە، چونكە ئەو رێككەوتنەی پارتی و یەكێتی لە رابردوودا لەسەری رێككەوتبوون كۆتاییھاتووە و پارتی پۆستی یەكەمی بەشی كورد لە بەغدا بە ھی خۆی دەزانێت.

بە گوێرەی مادەی 76 ی دەستوور سەرۆككۆمار كاندیدی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران ڕادەسپێرێت كە كابینەی حكوومەت پێكبھێنێت، بەڵام ئەم راسپاردنە لەماوەی 15 ؤۆژ لەدوای ھەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێ دەبێت, واتە سەرۆك كۆماری ئێستا تەنھا دەتوانێت داوای یەكەم كۆبوونەوەی خوولی نوێی پەرلەمان بكات و ئیتر دەبێت پێش ھەر رێكارێك ئەو پەرلەمانە نوێیە, سەرۆك كۆماری نوێ ھەڵبژێرێت.

یەكلانەبوونەوە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن پارتی و یەكێتییەوە، لەكاتێكدایە ھەوڵەكان بۆ پێكھێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی لەلایەن لیست و قەوارە سیاسییە براوەكانەوە ئامانجی خۆیان نەپێكاوە، كورد دەڵێ بەسەر ھیچ لایەنێك دابەش نابین، كێ ماف و دەسكەوتی زیاتر بۆ كورد دابین بكات ئێمە لەگەڵ ئەودا دەبین.

ا. م