زێدان له نێوان میلان و مانچێسته‌ر یونایتد ده‌یه‌وێت خۆی یه‌كلا بكاته‌وه
به گوێره‌ی میدیاكانی بریتانیا و ئیتاڵیا، زینه‌دین زیدان له لایه‌ن یانه‌كانی ئه‌یسی میلان و مانچێسته‌ر یونایتد بۆ وه‌رگرتنی ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی ئۆفه‌ری پێشكه‌ش كراوه، به‌وپێیه‌ی له ئێستادا جینارۆ گاتوزۆ و خۆزێ مۆرینهۆ رووبه‌ڕووی ناره‌زاییه‌كی گه‌وره بوونه‌ته‌وه و پێشبینی ده‌كرێت له كورترین ماوه دووربخرێته‌وه.
رۆژنامه‌یه‌كی بریتانیا، پێیوایه به‌هۆی ئه‌م 4 هۆكاره‌وه زینه‌دین زێدان مانچێسته‌ر یونایتد هه‌ڵده‌بژێرێت و میلان ره‌ت ده‌كاته‌وه.
1ـ مانچێسته‌ر یونایتد توانای دارایی هه‌یه كه له بازاڕی گواستنه‌وه تیپه‌كه‌ی باشتر رێكبخاته‌وه.
به‌رپرسانی یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد بۆ رێكخستن و گواستنه‌وه‌ی یاریزانی نوێ هیچ كێشه‌یه‌كیان نییه و ئاماده‌ن به خواستی راهێنه‌ر یاریزانان بۆ مان یونایتد بگوازنه‌وه و ده‌توانن زۆرترین گرێبه‌ستی گرانبه‌ها واژۆ بكات، له به‌رامبه‌ردا توانستی دارایی میلان سنوورداره، ئه‌مه‌ش وا له زیدان ده‌كات له جیاتی سان سیرۆ رووبكاته ئۆڵد ترافۆرد.
2ـ ئه‌و شته‌ی كه بۆ هه‌موو راهێنه‌رێك گرینگه:
یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد به پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی یانه‌كانی دیكه، له خراپترین دۆخ بڕیارێكی كتوپڕ نادات و ئارام ده‌گرێت و لێ ناگه‌ڕێن له ژووری جلگۆڕین هیچ به‌ربه‌ست و پشێوییه‌ك بۆ راهێنه‌ر دروست بێت، ئه‌مه‌ش بۆ زینه‌دین زیدان خاڵی جه‌وهه‌ری و سه‌ركه‌وتن ده‌بێت، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی میلان كه به دۆخێكی ناله‌بار تێده‌په‌رێت و جۆرێك له نائارامی له نێوان خاوه‌نی پشكه‌كانی یانه‌كه و ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كارگێری و به‌رپرسه‌كانی یانه‌كه هه‌ست پێده‌كرێت.
3ـ زیدان ئاره‌زووی له ئیتاڵیا نه‌ماوه:
به گوێره‌ی پێگه‌ی لكیپی فره‌نسا، زینه‌دین زیدان ئاماده‌یه پێشوازی له ئۆفه‌ری سه‌رجه‌م وڵاته‌كانی جیهان بكات، جگه له وڵاتی ئیتاڵیا نه‌بێت، به‌وپێیه‌ی پێش 18 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌هۆی كێشه‌ی له‌گه‌ڵ رۆژنامه و میدیاكانی ئه‌و وڵاته یانه‌كه‌ی به‌ره‌و ریال مه‌درید جێهێشت.
جیا له‌وه‌ش رووداوه‌كه‌ی مۆندیالی 2006 له یاری نێوان فره‌نسا و ئیتاڵیا كاتێك زینه‌دین زیدانی كاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی كه‌ڵه‌شێره‌كان كه‌له‌یه‌كی له ماتیرازی به‌رگریكاری ئیتاڵیا دا، ئه‌مه‌ش ڕق و كینه‌ی میدیاكانی ئیتاڵیای له دژی زیزۆ زیاد كرد.
4ـ میلان ناتوانێت ململانێی مانچێسته‌ر یونایتد بكات
له ڕووی توانستی داراییه‌وه یانه‌ی ئه‌یسی میلان ناتوانێت به ئه‌ندازه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد ئۆفه‌رێكی گرانبه‌ها پێشكه‌شی زینه‌دین زیدان بكات، پێشبینی ده‌كرێت مان یونایتد به مووچه‌یه‌كی ساڵانه‌ی گرانبه‌ها زیزۆ رازی بكات، ئه‌م كاره‌ش بۆ میلان قورسه.